“هەر هاوڵاتییەک بێتە ناو شاری هەولێر ٤٨ کاتژمێر لەسەر تێچووی خۆی کەرەنتین دەکرێت”
  2020-07-05       1448       
پارێزگای هەولێر، بۆ کۆنترۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و رێگریکردن لە هاتنە ناوەوەی ڤایرۆسەکە لە شارەکانی دیکەوە بۆ ناو هەولێر، رێکاری نوێ دەگرێتە بەر و هەر هاووڵاتییەک لە شارەکانی دیکەوە بێتە هەولێر دەبێت لەسەر تێچووی خۆی ٤٨ کاتژمێر لە یەکێک لە هۆتێلەکان کەرەنتین بکرێت و پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنای بۆ بکرێت، تێچوونی پشکنینەکەش لەسەر خۆی دەبێت.

ئاوێنه‌: جێگری پارێزگاری هەولێر، هێمن قادر  راگەیاند، “لەچوارچێوەی رێکارەکانی خۆپارێزی و کۆنترۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا لەژێر رۆشنایی بەیانی ژمارە ٤٢ی وەزارەتی ناوخۆ سنوورەکانی پارێزگای هاولێر بە داخراوی دەمێنێتەوە، بەڵام بەو هۆیەی هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستانە و وەزارەتەکان لێرەن و کۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان لێرەن، ناتوانین بە تەواوی رێگای هاتنە ناوەوەی شاری هەولێر دابخەین، بۆیە رێکارێکی نوێ دەگرینەبەر بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کاری زۆر پێویستیان هەیە”.

هێمن قادر دەربارەی رێکارە نوێیەکە وتی، “لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت قسەمان کردووە، لە بازگەکانی سنووری شاری هەولێر هەر هاووڵاتییەکی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان یان شارەکانی عێراق بیەوێت بێتە ناو شاری هەولێر، لە رێگای ئەو کۆمپانیایانەوە لە یەکێک لە هۆتێلەکانی ناو شاری هەولێر کەرەنتین دەکرێت و پشکنینیان بۆ دەکرێت، ئەگەر پشکنینەکەی پاک دەرچوو دەرکەوت هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا نییە ئەوکات دەتوانێت بچێتە ناو شاری هەولێر و دەستبکات بەوکارەی بۆی هاتووە”.

وتیشی، “تێچووی مانەوەی لە هۆتێل و تێچووی نانخواردن و تێچووی پشکنینە تەندروستییەکانیش لە ئەستۆی خۆی دەبێت و لە رێگای ئەو کۆمپانیایانەوە مامەڵەکەی بۆ دەکرێت”.

بۆ نرخ و تێچووی مانەوە و مامەلە تەندروستییەکانیش هێمن قادر وتی، “هەوڵ دەدەین کەمترین نرخ بێت و هەر کۆمپانیایەک بە کەمترین نرخ بیکات لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەدا مامەڵە دەکەین”.

جێگری پارێزگاری هەولێر راشیگەیاند، “ئەگەر هاووڵاتییەک نەیەوێت کەرەنتین بکرێت ئەوا دەبێت لە شارەکەی خۆی پشکنینی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بکات و لەگەڵ خۆی بیهێنێت بەمەرجێک پشکنینەکە ٢٤ کاتژمێری بەسەردا تێپەڕ نەبێت و لە بنکەیەکی تەندروستی باوەڕپێکراو پەسەند کرابێت ئەوکات بەو وەرەقەیەی پێیەتی دەتوانێت بێتە ناو شارەکەوە”.

هێمن قادر ئاماژەی بەوەشدا کە بەپێی بڕیارەکە، ئەو کەسانە بۆ ٤٨ کاتژمێر کەرەنتین دەکرێن، بەڵام ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەین رەنگە ئەگەر بکرێت کەمی بکەینەوە بۆ ٢٤ کاتژمێر.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×