عەلی حەمەساڵح: تەنیا بەم زەوییە موچەی 7 مانگ دابیندەكرێ
  2020-07-05       1585       
وێنەی زەوییە 13 ملیۆن مەترییەكەی هەولێر

عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان باس لە چوار زەوی دەكات كە بەناوی وەبەرهێنانەوە دراونەتە چەند كەسێكی جیاجیا لە شارەكانی هەرێم بەبێ ئەوەی كاریان تێدا كرابێت و دەڵێت: بەهای یەكێكیان بەتەنیا زیاتر لە چوار ملیار دۆلارەو حكومەت دەتوانێت وەریبگرێتەوە خۆی بیكاتە شارێكی هاوچەرخ و مەتر مەتر بیفرۆشێت كە بەشی موچەی حەوت مانگ دەكات.

ئاوێنە: عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان، ئەمڕۆ یەكشەممە، لەلاپەڕەی خۆی لەفەیسبوك، بەشێك لە ئەنجامی بەدواداچونێكی خۆی سەبارەت بەو زەویانەی كە بەناوی وەبەرهێنان دراون، ئاشكراكردوە.    

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجامی بەدواداچونەكەیدا كە لەژێر ناونیشانی"بۆ بەرپرسانی حکومەت، تەنیا بەم زەوییە موچەی حەوت مانگ دابیندەکرێت"، نوسیویەتی"ئەم دۆسیەیە ئەنجامی چەندین مانگ بەدواداچونەو لە کۆبونەوەم لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت لە بەدواداچونی پەرلەمانی؛ کارم لەسەر ئەم دۆسیە گرنگە کردوە، پاش چەندین مانگ دەمەوێت لێرەوە ڕابگەیەنم، بەھیوای ئەوەی ڕایگشتی دروست بکات و کاری لەسەر بکرێت."

وتوشیەتی"ئاسانترین دۆسیەیە بۆ چاکسازی، لەدەستدەرنەچوەو پشتیوانی یاسایی ھەیە! پارەیەکی ئێجگار زۆر دەگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی"

ئەوەشی خستۆتەڕو"چەندین ساڵە ڕوبەرێکی زۆر لە زەوی لەسەرجەم شارە جیاوازەکانی کوردستان دراوە بە چەند کەسێک، بە ناوی وەبەرھێنان، بەھاکەیان چەندین ملیار دۆلارە، بەبێ ئەوەی کاری تێدا بکرێت بە مەتر دەفرۆشێتەوە بۆ خزمەتی چەند کەسێک."

عەلی حەمەساڵح وتوشیەتی"بەپێی یاسای وەبەرھێنان زەویەک لە وادەی یاسای بۆ مەبەستی دیاریکراو کاری تێدا نەکرا، وەردەگیرێتەوە."

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان باسی لە چوار نمونەی زەوی كردوە كە بەپێی قسەی ئەو دەتوانرێت بەو چوار زەوییە "زیاتر لە شەش ملیار دۆلار بۆ حکومەت کۆبکرێتەوە."

عەلی حەمەساڵح، ئەو چوار نمونەیەی بەم شێوەیە خستۆتەڕو:

یەک:
‎زیاتر له‌ ١٣ ملیۆن مه‌تر زه‌وی، به‌ناوی پرۆژه‌ی یارگای گۆڵف له‌ شوێنێکی نایابی هه‌ولێردا سیمکراوه‌، بەپێی گوتەی ئەوانەی لە بواری زەوی و زار کاردەکەن، بەھای زەویەکە زیاتر لە چوار ملیار دۆلارە.

ئەم زەویە گەورەترین پارچە زەوی ناو شارە مابێتەوە.

‎شوێنی زەویەکه‌:

‎لە دوای نەخۆشخانەی نەرۆز لە سەرجادەی ١٠ کیلۆمەتری بەحرکە، ھەتا پردی ١٢٠ مەتری چواڕیانی ئەتکۆنستی تاوەکو بەرامبەر ئیتاڵی ٢ ، سیم کراوە.

ئایا لە کوردستاندا چوار یاریزانی گۆڵف ھەیە، ئەو زەویە باشەی پێبدرێت؟ بەدڵنیایی یارگای گۆڵف دروستناکرێت و مەتر مەتر دەفرۆشرێت!

بۆیە پێویستە حکومەت ئەم زەویە بکات شارێکی ھاوچەرخ و خۆی زەویەکان بفرۆشێت!

دو: لە ساڵی ٢٠١٣ ەوە، ھەزار دۆنم زەوی تەرخانکراوە بۆ کەسێک بیکاتە شاری پیشەسازی لە پارێزگای سلێمانی نزیک عەربەت، مەتر مەتری بکات و بیفرۆشێت!!! ئێستا ئەم زەویە وەک خۆی ماوە حکومەت دەتوانێت خزمەتگوزاری بۆ ببتات و شارێکی پیشەسازی ھاوچەرخ دروستبکات و بایی سەدان ملیۆن دۆلار بفرۆشێت.

سێ: شاری خەونەکان لە ھەولێر، بە بەھا ترین زەویە لە عێراق و یەک ملیۆن مەتر دوجایە، زیاتر لە ١٥ ساڵە دراوە بە کەسێک و تاوەکو ئێستا مەتر مەتر، نزیکەی بە بەھای یەک ملیار دۆلار زەوی لێفرۆشتوە، نیوەی ئەم زەویە ماوەتەوە نەفرۆشراوە، بەھای ٢٠٠ مەتر زەوی لەم جێگایە ٣٠٠ ھەزار دۆلارە، حکومەت دەتوانێت وەریبگرێتەوەو بە ماستەر پلانێکی شایستە بەبەھای یەک ملیار دۆلار زەوی تێدا بفرۆشێت!

چوار: لە باشترین شوێنی سلێمانیدا ٦٢٢ دۆنم تەرخانکراوە بۆ زانکۆی ئەمریکی، دەھێندەی ڕوبەری زانکۆی سلێمانیە، بۆ زانکۆی ئەمریکی ٢٢ دۆنم بەکارنەھێندراوە، ئەوی دیکە تەنیا دیوارێک بە چوارلای پرۆژەکەدا کراوە، بەم زەویە حکومەت دەتوانێت شارێکی ھاوچەرخی بازرگانی و نیشتەجێبون دروسبکات و زیاتر لە ٦٠٠ ملیۆن دۆلاری دەستبکەوێت.

بەدواداچونم بۆ دەیان پارچە زەوی ھاوشێوە کردوە لە گەرمیانەوە بۆ دھۆک، لە بری ئەوەی چەندکەسێک بکاتە ملیاردێر، حکومەت دەتوانێت بە ماستەر پلانێکی شایستە چەندین ملیار دۆلار دەستبخات و سیمایەکی جوانیش بداتە شارەکان.

عەلی حەمەساڵح وتوشیەتی"ئەگەر حکومەتی ھەرێم لەگەڵ عێراق ڕێککەوت و ئەو بڕیارانەی چاکسازی جێبەجێکراو ( موچەی نایاسای، نەوت، خاڵی سنوری، باج) گرفتی موچەش چارەسەر بو، بەدڵنیاییی بەھای ئەم زەویانە زۆر بەرز دەبێتەوەو حکومەت سەروی ١٠ ملیار دۆلاری دەکەوێتە دەست و داھاتیش بەردەوام دەبێت و دەتواندرێت  بۆ بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری و خزمەتگوزاری کوردستان بەکاربێت."

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×