“بەم زوانە مستەفا کازمی سەردانی ئەمریكا و ژمارەیەك وڵاتی ئەوروپا دەكات”
  2020-07-06       575       

 عامر فائز، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، “بەم زووانە مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران بە ئامانجی تەواوكردنی گفتوگۆی ستراتیجیی نێوان بەغدا و واشنتۆن سەردانی ئەمریكا دەكات”.

ئاوێنه‌ عامر فائز لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا ئاشكرای كرد كە بەم زووانە سەرۆكوەزیران، مستەفا كازمی بە ئامانجی تەواوكردنی گفتوگۆی ستراتیجیی نێوان بەغداد و واشنتۆن، سەردانی ئەمریكا دەكات و وتی، “تا ئێستا وادەی سەردانەكەی مستەفا كازمی بۆ ئەمریكا دیاریی نەكراوە، هەروەها بە ئامانجی پتەوتركردنی هاوكارییە ئابووری و ئەمنییەكانی نێوان بەغدا و ژمارەیەک وڵات، کازمی سەردانی ژمارەیەك وڵاتی ئەورووپا و ناوچەكەش دەكات”.

پێشتر  فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاندبوو كە سەرۆكوەزیران مستەفا كازمی بە ئامانجی تەواوكردنی گفتوگۆی ستراتیجیی لە میانی ئەم مانگەكەدا، سەردانی واشنتۆن دەكات.

لە 11ی مانگی رابردوودا، یەكەم قۆناغی گفتوگۆی ستراتیجیی لە نێوان عێراق و ئەمریكا سازكرا كە لە میانیدا سەبارەت بە كۆمەڵێك تەوەر بیروڕا ئاڵوگۆڕی كرا لەوانە ئاسایش، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئابووری، وزە و بابەتە سیاسیی و كولتوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

چاوەڕوان دەكرێت قۆناغی دووەمی گفتوگۆی ستراتیجیی نێوان عێراق و ئەمریكا لە میانی ئەم مانگەكەدا ساز بكرێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×