حكومەتی هەرێم: لەم مانگەوە هەمو خەرجییەكانی بەكاربردن دەكەینە ئەلكترۆنی
  2020-07-06       646       

حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: لەم مانگەوە هەمو خەرجییەكانی بەكاربردن دەكەنە ئەلكترۆنی و وەزیری داراییش دەڵێت: ئەو هەنگاوە لەچوارچێوەی پڕۆسەی چاكسازییدایەو دەبێتە هۆی زیادبونی شەفافیەت و كەمكردنەوەی گەندەڵی.

ئاوێنە: حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی: له‌ مانگی ته‌موزه‌وه‌ هەمو خەرجییەکانی بەکاربردن دەکەنە ئەلكترۆنی و ئەوەشی بە "هەنگاوێکی گرنگ" ناوبردوە بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی لە نێوان دامودەزگاکانی حکومەت بە شێوەیەکی مۆدێرن و هاوچەرخانە و کەمکردنەوەی گەندەڵیی بە شێوەیەک کە هەمو خەرجییەکانی رۆژانەی حکومەت بە سیستمی ئۆنڵاین ئەنجام بدرێن.

ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری رایگەیاند: به‌ فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمو خەرجییەکانی بەکاربردن لەم مانگەوە بە ئەلكترۆنی دەکرێن. 

وتیشی: ئەم پێشکەوتنە بەشێکە لە هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم بۆ بە مۆدێرنکردنی کارەکانی حکومەت و هەنگاوێکی گرنگ دەبێت لە پێناو نەهێشتنی روتین و هەوڵدان بۆ کاراکردن و چالاککردنی کاروباری هاوڵاتییان و هەروەها بەشێکیشە لە پرۆسەی چاکسازی کە سەرەنجام دەبێتە هۆی زیادبونی رونی و شەفافییەت و کەمکردنەوەی گەندەڵی.

وەزیری دارایی دوپاتی کردەوە تا زیاتر بتوانین کۆنترۆڵی خەرجییە بەکاربەرەکانی حکومەت بکەن، زیاتر دەتوانن کار لەسەر پڕۆژەی گرنگ لە بواری خزمەتگوزاریی گشتی و سودی هاوڵاتییان بکەن. 

وەزیری دارایی دەستخۆشیشی لە کارمەندانی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرێوەبەرایەتی گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی بۆ ئامادەکردنی ئەو سیستەمە کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی حكومەت، ئەم سیستەمە ئۆنڵاینە لەم مانگەوە لە هەمو دامودەزگاکانی حکومەت جێبەجێ دەکرێت و هەمو خەرجییەکانی حکومەت تا کۆتایی مانگی تەموز، لە رێگەی ئەم سیستەمەوە بەردەست دەبێت و داتاکان لە سەنتەری داتای حکومەت کۆدەکرێنەوەو ئەوەش وا دەکات حکومەت کۆنترۆڵی بەسەر خەرجییەکانییەوە هەبێت و داتاکانیش دەتوانن بۆ دانانی پلانی ستراتیجیی دارایی یارمەتیدەر بن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×