“سەرجەم هێزە سیاسییەكان هاوڕان لەسەر ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە”
  2020-07-07       209       

سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە عێراق، سەعد موتەلیبی رایگەیاند كە سەرجەم هێزە سیاسییەكان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام نەدرێت و ئاماژە بەوەیش دەكات كە یاسای هەڵبژاردنەكان، پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە.

ئاوێنه‌: سەعد موتەلیبی لە لێدوانێكدا رۆژنامەوانییدا ئاشكرای كرد كە سەرجەم هێزە سیاسییەكان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام نەدرێت هەرچەند بە ئاشكرا ئەوەیان رانەگەیاندووە، وێرای ئەوەی بانگەشەی ئەوە دەكرێت كە هەوڵ دەدرێت هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.

وتیشی، “هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام نادرێت، تا ئەو كاتەی فراكسیۆنەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەران سووربن لەسەر پەسەند نەكردنی یاسای دادگای فیدرال”.

سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، سەعد موتەلیبی روونی كردەوە هەر كاتێك یاسای دادگای فیدرال پەسەندكرا، ئەوا دووبارە دەسەڵاتی یاسایی دەدرێتەوە بە دادگاكە بۆ ئەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە پەسەند بكات.

راشیگەیاند كە یاسای هەڵبژاردنەكان، پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە و پێویستە سەرجەم هێزە سیاسییەكان كۆببنەوە بۆ ئەوەی یەكەكانی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن و چۆنیەتی دابەشكردنی كورسییەكان دیاری بكەن.

پێشتر راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری هەڵبژاردنەكان، حوسێن هینداوی رایگەیاندبوو كە حكوومەت ئامادەیە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدات، بەڵام بەو مەرجەی دەنگدان لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەران تەواو بكرێت.
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×