قۆناغی دووەم و سێیەمی تۆماری بایۆمەتری دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە
  2020-07-07       816       

سكرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند لەم هەفتەیەدا قۆناغی دووەم ‌و سێیەمی سیستەمی تۆماری بایۆمەتری دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئاوێنه‌: د.عەبدولحەكیم خەسرۆ، ئاشكرایكرد رۆژی چوارشەممە 8-7-2020 قۆناغی دووەم ‌و سێیەمی سیستەمی بایۆمەتری دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. دەشڵێت:” دەڵێت قۆناخی دووەم ‌و سێیەمی سیستەمی بایۆمەتری سوودی زۆری دەبێت بۆ رێكخستنەوەی سیستەمی میلاكاتی وەزارەتەكان ‌و رێكخستنەوە سیستەمی موچە‌ و نەهێشتنی ئەوەی پێدەوترێ‌ “بندیوار”.

سكرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە ئەنجوومەنی وەزیران باسی لەوەكرد:” بە سەرجەم دەرماڵەكانی فەرمانبەراندا دەچنەوە كە نزیكەی 24 جۆر دەرماڵە هەیە و 56%ی مووچە بۆ دەرماڵەكان دەڕوات”بەڵام دەرماڵە جێگیرەكان دەستكاری ناكرێن”.

د.عەبدولحەكیم خەسرەو، باسی لە رێكخستنەوەی كاری پاسەوانی كرد ‌و وتی: “بەپێی یاسای چاكسازی سەرجەم پاسەوانەكان، جا پاسەوانی بەرپرسان بن یان بارەگا حیزبی ‌و حكومییەكان، میلاكیان دەخرێتە سەر وەزارەتی ناوخۆ، بەشێك لەوانە مووچەشیان زیاد دەكات”.

هاوكات د. ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لە هەرێمی كوردستان وتی ئەوان وەك دەستەی دەستپاكی بە وردی چاودێری جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی دەكەن: ” بەتایبەت لیستێك لەلای ئێمەیە ناوی زیاتر لە 460 كەسی تێدایە كە بە پلەی باڵا خانەنشین بوون ‌و ئەو پۆستانەشیان نەبینیوە كە پێی خانەنشین كراون، بۆیە دەبێت پێداچوونەوەكان وردبن، بەجۆرێك دادپەروەریان تێدا بەدی بێت”.

قۆناغی یەكەمی تۆماری بایۆمەتری لە ساڵی 2016 دەستیپێكرد، لە قۆناغی یەكەمدا ناوی یەك ملیۆن و 250 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر لە سیستمەكەدا تۆماركران. سیستمەكە توانای تۆماركردنی 30 ملیۆن كەسی هەیە.

یاسای چاكسازی لە 19 ماددە پێكهاتووە و لە 16-01-2020 لەلایەن پەرلەمانی كوردستان پەسەندكرا و 3- 2-2020 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان واژۆی لەسەر كرد. لە سەرەتای ئەم مانگەوە حكومەت دەستی بە جێبەجێكردنی یاساكە كردووە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×