نەتەوە یەکگرتووەکان هاوكاری‌ هه‌رێم‌و به‌غدا ده‌كات بۆ گەیشتن بەڕێککەوتن
  2020-07-07       680       
جێنین هێنیس پلاسخارت
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لەعێراق ئامادەیی خۆی‌ نیشانده‌دات بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و حکومەتی عێراق بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنێکی گشتگیرو بنەڕەتی‌و درێژخایەن.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لەجێنین هێنیس پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لەعێراق کرد.

به‌پێی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لەعێراق ئامادەیی نیشانداوه‌ بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و حکومەتی فیدراڵ بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنێکی گشتگیرو بنەڕەتی‌و درێژخایەن کە جێی ڕەزامەندی هەردولاو لەبەرژەوەندی هەمو هاوڵاتیانی عێراقدا بێت.

له‌به‌رامبه‌ردا مەسرور بارزانی ڕایگه‌یاندووه‌، دانوستانەکانی نێوان هەرێمی کوردستان‌و حکومەتی عێراق بەردەوامە بەئامانجی چارەسەکردنی هەمو کێشە هەلپەسێردراوەکان بۆ گەیشتن بەڕێککەوتن لەسەر بنەمای دەستور.

سەرۆکی حکومەت هەروەها جەختیشی لەگرنگیی کاراکردنەوەی میکانیزمی هەماهەنگی هاوبەشی ئەمنی کردۆته‌وە لەنێوان هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراق لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×