ڕێواز فایه‌ق: هیچ نەما بۆ پەسەندکردنی یاسای‌ ‌پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی نەیکەین، کەچی تا ئێستا پێمان نەکراوه‌
  2020-07-07       1399       
ڕێواز فایه‌ق

ڕێواز فایه‌ق ڕه‌خنه‌ له‌په‌سه‌ندنه‌كردنی‌ چه‌ند پرۆژه‌ یاسایه‌ك ده‌گرێت بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی‌و ده‌ڵێت، "هیچ نەما بۆ پەسەندکردنی پێشنیازە یاساکان نەیکەین، کەچی تا ئێستا پێمان نەکراون بەقانون‌و هەرجارەی بەهۆکارێک ئەگەڕێینەوە چوارگۆشەی یەکەم.".

ئاوێنه‌: ڕێواز فایه‌ق، سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌باره‌ی‌ به‌رهه‌می‌ جوتیارانه‌وه‌ ده‌ڵێت، "ئەرکی پاراستن‌و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمی ناوخۆیی، کشتوکاڵی بێت یان پیشەسازیی، پلانی ستراتیژی‌و زەمینەی تەشریعی ئەوێت، نزیکەی ساڵێکە هیچ نەما بۆ پەسەندکردنی پێشنیازە یاساکانی (پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی، سندوقی بیمەی کشتوکاڵی‌و ڕێکخستنەوەو بەڕێوەبردنی عەلوەکان) نەیکەین، کەچی تا ئێستا پێمان نەکراون بەقانون‌و هەرجارەی بەهۆکارێک ئەگەڕێینەوە چوارگۆشەی یەکەم."

به‌بۆچونی‌ ئه‌و، "هەموو دامەزراوەکانی هەرێم، ڕاگەیاندن‌و خودی هاوڵاتیانیش هەریەکەمان بەقەدەر تواناو دەستڕۆیی و دەسەڵاتمان پشکی بەرپرسیارێتی پاراستنی بەرهەمی خۆماڵیمان ئەکەوێتە ئەستۆ، ئەگەر پێکەوە ئەو پلانە ستراتیژیەو ئەو زەمینە تەشریعیە ئامادەو ئاراستە نەکەین، بەرهەمهێنی خۆماڵی هەموو ساڵێک ڕەنج بەخەسار ئەبێت."

سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان ڕایگیاندووه‌، "گرێیەکە بەیەک وەزارەت‌و لای یەک وەزیر ناکرێتەوە، بەرپرسیارێتیەکە هاریکارانه‌و دەستەجەمعیە، تەنها ئەوکاتە ئەتوانین دڵنیایی بدەینە بەرهەمهێنی کوردستانی کە دروشمە زۆرو زەوەندەکانی هەڵبژاردن‌و کارنامەی حکومەت بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات بەکرداریی بخرێتە بواری جێبەجێکردن".

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ ‌سنورەکان بەسەر ئەو هەموو کاڵاو بەرهەمە دەرەکیەدا دابخرێت کە کاڵاو بەرهەمی خۆماڵی ناتوانێت کێبەرکێیان بکات‌و خۆی لەبەردەمیا ڕابگرێت، ئەمەش بەتەنها بەوەزیری کشتوکاڵ ناکرێت، بەڵکو ئیرادەو بڕیاری حکومەتی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی نفوزی کۆمپانیاو بازرگانە خاوەن دەسەڵاتەکان‌و قانونێکیشی بۆ پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی ئەوێت کە لەبەرنامەو پلانی دەستێکی ئەم خولەی پەرلەمان بووە.

له‌كۆتایی نوسینه‌كه‌یدا ڕێواز فایه‌ق ڕایگه‌یاندووه‌، "هیوادارم ئەم دۆخەمان بۆ بوبێتە دەرس‌و پەلەو دەستوبرد بکەین لەپەسەندکردنی ئەو یاسایەو ئەبێت حکومەتیش بەرپرسیارێتی دەستەجەمعی بۆ پێدانی دڵنیایی بەجوتیاران لەئەستۆبگرێت‌و بەجۆرێک لەجۆرەکان ئەم دۆخی بێئومێدبونەیان بۆ قەرەبو بکاتەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×