فرسەت سۆفی: كۆمپانیایەك لە هەولێر دەرمانی چارسەركردنی توشبوانی كۆرۆنای بەرهەمهێناوە
  2020-07-08       707       
فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە كۆمپانیایەكی دەرمان دەكات لە هەولێر كە دەرمانی چارسەركردنی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنای بەرهەمهێناوە و ئەو هەنگاوەش بە دەستكەوتێكی مەزن بۆ مرۆڤایەتی وەسف دەكات.

ئاوێنه‌: نوسینگەی د. فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر سوپاسنامەیەکی بە ناوی پارێزگای هەولێرەوە ئاڕاستەی كۆمپانیای ئاوامێدیكا كرد كە دەرمانی فابیڤیر”Favipiravir”ی بەرهەمهێناوە و ئەمەش دەقەكەیەتی:

بەناوی پارێزگای هەولێر، سوپاسی کۆمپانیای ئاوامێدیکا بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان لەهەولێر دەکەین کە توانییان بە هاوکاری سەنتەرە پسپۆڕییە جیهانییەکان بەسەرکەوتوویی دەرمانی دژە ڤایرۆسی فابیڤیر”Favipiravir”ی بۆ چارەسەری توشبووانی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-١٩) بەرهەمبهێنن.

سەربەرز و خۆشحاڵین كە کۆمپانیایەکی گەورە لەهەولێر، دەستکەوتێکی گەورەی بۆ شارەکەمان دەستەبەر کردووە، لەم کات و ساتەدا بەهەمهێنانی ئەمجۆرە دژە ڤایرۆسە دەستکەوتێکی مەزنە بۆ شارەکەمان و تەواوی مرۆڤایەتی، بۆیە بەناوی پارێزگای هەولێر، پیرۆزباییەکی گەرم لە خەڵکی شاری هەولێر دەکەین و سوپاس و دەستخۆشیەکی زۆریش بۆ بەڕێوەبەران و تەواوی ستاف و کارمەندانی کۆمپانیای ئاوامێدیکا بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان، دووپاتی دەکەینەوە بە هەموو شێوەیەک پاڵپشت و هاوکاریانین.

لای خۆشیه‌وه‌، د.شاخەوان زاهیر، بەڕێوەبەری مارکێتینگ و پەرەپێدان لە کارگەی ئاوامیدیکا  رایگەیاند: “کارگەکەمان بە هاوکاری سەنتەرە پسپۆڕییە جیهانییەکان بەسەرکەوتووی دەرمانی دژە ڤایرۆسی فابیڤیر (Favipiravir)ی بۆ چارەسەری توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) ی بەرهەمهێنا”.

د.شاخەوان زاهیر راشیگەیاند، یەکەم بڕ لەو دەرمانە بۆ وەزارەتی تەندروستی عێراق نێردراوە تاوەکو دابەشی سەرجەم ناوەندەکانی چارەسەرکردنی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بکرێت.

جێی ئاماژەیە، ئاوامێدیكا یەكەمین كارگەی دروستكردنی دەرمانە لە هەرێمی كوردستاندا و سەر بەكەرتی تایبەتە، لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٩دا بەفەرمی كرایەوە و لە مانگی كانوونی دووەمی ٢٠١٠دا یەكەم دەرمانی بەشێوەی حەب (تابلێت) بەناوی (ParAzar) كە تایبەتە بە ئازار بەرهەمهێناوە.
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×