“چوار ژوری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق دروست دەکرێت”
  2020-07-08       628       
“چوار ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچەکانی دیالە، کەرکووک، مەخموور و مووسڵ دروست دەکرێت”.

ئاوێنە: چوار ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچەکانی دیالە، کەرکووک، مەخموور و مووسڵ گفتوگۆی لەبارەوە کراوە و چاوەڕوانی دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا بە فەرمی رابگەیەندرێت.

ھەفتەی رابردوو شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی وەزارەتی بەرگریی عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر چەند تەوەرێک کرد و بڕیاردراوە کۆبوونەوەی داھاتوو لە ھەولێر بەڕێوەبچێت.

لەم بارەییەوە بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگەیش رایدەگەیەنێت کە کۆبوونەوەی داھاتوو لە ھەولێر ئەنجام دەدرێت، بەڵام کاتی کۆبوونەوەکە دیاریی نەکراوە.

جێگری سوپاسالاری ھێزەکانی پێشمەرگە، لیوا قارەمان کەمال ڕایگەیاند: “تا ئێستا سێ کۆبوونەوە کراوە لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق، دوو کۆبوونەوە لە ساڵی رابردوو، کۆبوونەوەیەکیش پێنجشەممەی رابردوو لە بەغدا بەڕێوەچوو کە تیایدا دوو تەوەر گفتوگۆی لەسەر کراوە”.

لەبارەی تەوەری کۆبوونەوەکانیش، لیوا قارەمان کەمال وتی: “تەوەری یەکەم باسی کردنەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش کراوە لە ناوچەکانی دیالە، کەرکووک، مەخموور و مووسڵ، تەوەری دووەمیش باسی دروستکردنی ھێزی ھاوبەش کراوە کە ئەو ھێزە لە کوێ بێت، ئەمانە ھەموو گفتوگۆی لەسەرکراوە و شاندی بەغدا گەشبین بوون و کۆبوونەوەیەکی ئەرێنیی بوو، بەڵام ئەنجامەکەی لە چەند ھەفتەی داھاتوودا دەبینین”.

پێنجشەممەی رابردوو، ھەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە گوایە ھێزی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە کەرکووک و لەمبارەیەوە، جێگری سوپاسالاری ھێزەکانی پێشمەرگە لیوا قارەمان کەمال وتی: “باسی ئەوە نەکراوە کە ھێزەکانی پێشمەرگە تا کوێ دەچن، ئەوەی لە راگەیاندنەکان باسکراوە راست نییە، چونکە جارێ لە گفتوگۆداین و بڕیارە کۆبوونەوەی داھاتووش لە ھەولێر بەڕێوەبچێت، بەڵام کاتی کۆبوونەوەکە دیاریی نەکراوە”.

جێگری سوپاسالاری ھێزەکانی پێشمەرگە، لیوا قارەمان کەمال گوتیشی: “پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر، ھێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچە جێناکۆکەکان ھەبوون، ژووری ئۆپەراسیۆنی ھابەشمان ھەبوو، ئێستا ئەوانە ھیچی نەماوە و دەمانەوێت دروستیان بکەینەوە و کار لەسەر ئەوە دەکەین کە ئەو رووبەرە فراوانەی لەنێوانماندا ھەیە چۆن بتوانین رووبەرەکەی کەم بکەینەوە و بۆ ئەم مەبەستەش رووپێویی کراوە، بەڵام گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە ماوە”.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×