دوو فەرماندەی باڵای سەربازیی عێراق لە پۆستەكانیان دوورخرانەوە
  2020-07-08       1285       

وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند كە لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانكارییانەی كە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان لە دامەزراوە سەربازیی و ئەمنییەكاندا ئەنجامی دەدات زنجیرەیەك گۆڕانكاری گرنگ لە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی سەربازی كراوە كە لە میانیدا ژمارەیەك فەرماندەی باڵای سەربازیی لە پۆستەكانیان دووخراونەتەوە.

ئاوێنه‌: شارەزایانی ئەمنیی لە عێراق ئاماژە بەوە دەكەن، ئەو گۆڕانكارییانەی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران، لە دامەزراوە سەربازیی و ئەمنییەكاندا ئەنجامی دەدات، ئامانج لێی ئەوەیە ئەو دامەزراوانە نەكەونە ژێر كاریگەریی گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران.

بەپێی ئەو گۆڕانكارییە نوێیەی كە ئەنجامدراوە، هەریەك لە فەریق روكن سەعد عەلاق- بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازیی و،  فەریق روكن جەمیل شەممەری، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی زیقار، كە تۆمەتبارە بە سەركوتكردن و كوشتنی خۆپیشاندەران لە پۆستەكانیان لادراون.

لای خۆیەوە عەمید یەحیا رەسول، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاوی كردەوە، فەریق روكن جەمیل شەممەری دوای لادانی لە پۆستی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی زیقار گواستراوەتەوە بەشی فەرماندەیی یەدەگ لە وەزارەتی بەرگریی، هەروەها فەریق روكن سەعد عەلاق دوای لادانی لە پۆستی بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازیی كراوە بە سەرۆكی زانكۆی بەرگریی.

راشیگەیاندووە كە هەر لە چوارچێوەی گۆڕانكارییە نۆییەكەدا، لیوا روكن فائز مەعموری كراوە بە بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازیی، هەروەها عەمید حەمد جبوری بۆ بەڕێوەبردنی بەڕێوەرایەتی بەڵگەنامەكانی سەربازیی دەست نیشان كراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی بەپێی فەرمانێك، سەرۆكی سندوقی بنیانتانەوەی شارە كۆنترۆڵكراوەكان، مستەفا هیتی لە پۆستەكەی لادا و لە شوێنی ئەو محەمەد هاشم عانی دەست نیشان كرد.

مستەفا كازمی كە لە حەوتی ئایارەوە بووە بە سەرۆكوەزیرانی عێراق، تا ئێستا چەندین گۆڕانكاری لە پۆستە ئیداریی، ئەمنیی و سەربازییەكاندا كردووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×