مستەفا کازمی: لە رۆژنامەنووسییەوە بۆ کۆشکی دەسەڵات
  2020-07-08       1650       

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

 

لە 7 ئایاری ئەمساڵ 266 ئەندام پەرلەمانی عیراق متمانەیان بە مستەفا کازمی بەخشی، بەمشێوەیەش کۆتایی بەو نا ئارامیی و ناجێگیرییە هێنا، کە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە عیراقی گرتۆتە. بەڵام رێگای کۆشکی دەسەڵات لە بەغداد، بە گووڵ نەچنراوە، چونکە لە ئێستادا عیراق خۆی لە بەردەم کۆمەڵێک کێشەی گەورەدا  دەبینێتەوە، لە پێش هەموویانەوە بەزربوونەوەی دەنگی ناڕەزایی خەڵکی بە تایبەتی گەنجەکان، بڵاوبوونەوەی بێکاری، هەژاری، خراپی خزمەتگوزارییەکان بەتایبەتی کارەبا و ئاو، بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە تەواوی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا. لە هەمووشی قوورستر، ڤایرۆسی کۆرۆنایە، کە لە ئێستادا رۆژ لە دوای رۆژ تەشەنەی زیاتر دەکات.  لە رووی دەرەکیشەوە جەنگی ئەمریکا و ئێران هەتا دێت توندتر دەبێت، ئەم دوو دەوڵەتەش هەژموونی گەورەیان بەسەر حوکمی بەغدادەوە هەیە. لە باکووریشەوە تورکیا لەشکرکێشییەکی دڕندانەی دەستپێکردووەو بە ئەجیندایەکی ترسناکیشەوە، پەلاماری عیراق و هەرێمی کوردستان دەدات.  جگە لە کێشە زۆرەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
لێرەدا پرسیاری گرنگ  ئەوەیە، ئایا کازمی دەتوانێت ئەم هەموو کێشانە چارەسەر بکات؟  بەڵام با سەرەتا بپرسین مستەفا کازمی کێیە؟!

 

نەیارێکی رژێمی بەعس
مستەفا کازمی ناوی راستی " مصطفی عبد اللطیف مشتت الغریباوی " لە ساڵی 1967 لە بەغداد لەدایک بووە. بنەچەی بنەماڵەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ باشووری عیراق بۆ قەزای شەترە لە پارێزگای " زی قار یان ناسرییە".  
ئەو کۆلیژی یاسای لە بەغداد خوێندووە، بەڵام پاشان بە هۆی چالاکی سیاسییەوە کە ئەندامی " حزبی دەعوەی ئیسلامی" بووە. ناچار دەبێت ساڵی 1985 لە رێگەی کوردستانەوە بچێتە دەرەوەی عیراق. سەرەتا دەچێتە ئەڵمانیا و پاشانیش دەچێتە بەریتانیا دەژی. لێرەش زیاتر خەریکی کاری سیاسی دەبێت و نازناوی " کازمی" بۆ خۆی دادەنێت. لە بەریتانیا خەریکی کاری رۆژنامەنووسی دەبێت و دەبێتە بەرپرسی بەشی عیراقی سایتی "مۆنیتۆری ئەمریکی". پاش رووخانی رژێمی بەعس لە سالی 2003 دەگەڕێتەوە بۆ عیراق و دووبارە لەگەڵ حزبی دەعوە کار دەکات.

 

بنەماڵەیەکی سیاسی
کازمی لە بنەماڵەیەکی سیاسی بووە، عەبدول لەتیفی باوکی چالاکوانێکی سیاسی بووەو  نوێنەری حزبی " وطنی الدیمقراطی" کامیل جادرجی بووە لە قەزای شەترە. بەڵام ساڵی 1963 قەزای شەترە بەجێدەهێڵێت و دێتە بەغداد لەوێ لە هێڵی شەمەندەفەری بەغداد کار دەکات. 
عمادی برا گەورەی ساڵی 1981 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عیراقەوە دەستگیر دەکرێت، ئەوەش لەبەرئەوەی هاوڕێی " محەمەد باقر حەکیم" سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی بووە، سێ ساڵ زیندانی دەکرێت و دواتریش بەر لێبوردنی گشتی دەکەوێت و ئازاد دەکرێت.  لە پاش رووخانی رژێمی بەعس، دەبێتە  راوێژکار لە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، بەڵام ساڵی 2013 لە لایەن چەتەکانی داعشەوە لە شەقامی " حەیفا"  لە بەغداد،تەقەی لێدەکرێت و ئیفلیج  دەکرێت. 
گەرچی سەباحی برا گەورەشی  دکتۆرای لە ئەندازیاری هەیە، راوێژکاری حەیدر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عیراق بووە. مستەفا کازمی کچی "مهدی العلاق"   دەهێنێت کە یەکێکە لە سەرکردەکانی حزبی دەعوەی ئیسلامی. ئەمانەش هەموو رۆڵیان هەبووە لە پێشخستنی کاروانی سیاسی ئەم پیاوە.

 

رۆژنامەگەری
راستە  مستەفا کازمی  کۆلیژی یاسای تەواو کردووە، بەڵام حەزێکی گەورەی بۆ رۆژنامەگەری هەبووە، چ لە دەرەوەی عیراق و چ کاتێک گەڕاوەتەوە، کاری رۆژنامەگەری کردووە.  لە شاری لەندەن دەبێتە بەرێوبەری دەزگای " الحوار الإنسانی "  کە لە لایەن " حسین الصدر" دامەرزاوە.  ئامانجی سەرەکی ئەم دەزگایەش، دروستکردنی دیالۆگ لە نێوان تایفەکان و دژایەتیکردنی توندوتیژی و  بڵاوکردنەوەی چەمکی ئاشتیخوازیی و لێبوردەیی.
پاش رووخانی رژێمی بەعس دەگەڕێتەوە بەغداد و دەزگای "الذاكرە العراقیة"  دروست دەکات کە کاری لەسەر قووربانیان رژێمی بەعس کردووەو ویستوویەتی تاوانەکانی رژێمی بەعس بە ئەرشیف بکات، ئەوەش لە رێگەی فیلمی دۆکۆمێنتاریی و چاوپێکەوتن لەگەڵ قووربانیانی رژێمی بەعسی سەدامی لەناوچوو. 
ساڵی 2007 دەبێتە سەرنووسەری گۆڤاری " الاسبوعیە" کە سەر بەدەزگای خەندان بووە لە سلێمانی. 
جگە لەوەش خاوەنی کۆمەڵێک کتێبە کە ئەوانیش :
• مسألە العراق.
• انشغالات إسلامیە.
• علی بن أبی طالب الإمام والإنسان
• المصالحە بین الماضی والمستقبل.



بوونی بە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری
لە پڕێکدا ساڵی 2016  حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عیراق، مستەفا کازمی کردە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عیراق، ئەمەش بووە مایەی سەرنجی لایەنە شیعەکان، چونکە تا ئەوکاتە کازمی لەم بوارەدا نەناسراو بوو. هەروەها  گەرمەی جەنگی داعش بوو. لە راستیشدا بەهاتنە سەرکاری مستەفا کازمی، دووبارە رۆڵی ئەم دەزگایە لە جەنگ دژ بە داعش بەهێزتربوو. لێرەشەوە پلەکانی گەیشتن بە دەسەڵات  بۆ مستەفا کازمی دەستپێدەکات. 

 

سەرۆک وەزیران
دروستبوونی خۆپیشاندان و دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی و ناکۆکی  لایەنە شیعەکان، هەموو ئەمانە لە خزمەتی کازمیدا بوون، هەتا دواجار هەموویان لەسەر کازمی رێککەوتن و رۆژی 7 ئایار  266 ئەندام پەرلەمان متمانەیان بە کازمی دەبەخشن و دەبێتە سەرۆک وەزیرانی عیراق. 
بەڵام رێگای کۆشکی دەسەڵات  بە گووڵ نەچنراوە، بەڵکە  کازمی لەبەردەم کۆمەڵێک كێشەی ناوخۆیی و دەرەکی گەورەدایە.

 

کێشە ناوخۆییەکان
ئەو رۆژەی کە بووە سەرۆک وەزیران، بەرنامەی کابینەکەی خۆی کە لە 6 لاپەڕە پێکهاتبووە، پێشکەشی پەرلەمانی کرد و  باسی پێنچ کێشەی گەورەی کرد بوو:
1/ بەهێزکردن و دانانی سیستەمێکی تەندروستی مۆدێرن و هەوڵدانی بۆ چاکسازی لە کەرتی تەندروستی عیراق، بەشێوەیەک کە بتوانێت خزمەتی هاوڵاتیان بکات و  رووبەروی ڤایرۆسی کۆرۆنا بێتەوە. لە ئێستاشدا ژمارەی تووشبوانی ئەم ڤایرۆسە لە عیراق زۆرتر دەبێت، بۆیە ئەمەش یەکێکە لە کێشە گەورەکانی کازمی.
2/ کارکردن بۆ سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت. ئەمەش بە مەرجێک سەرەتا گۆڕانکاری لە  یاسای پارتە سیاسییەکان بکرێت. ئامانجیش لەم کارەی رازیکردنی دەنگی ناڕازیی خۆپیشاندەرانە.
3/ دەبێت چەک تەنها بەدەستی دەوڵەتەوە بێت. ئامانجیش لەمە لەناوبردنی هێزە میلیشیاکانی سەر بە حەشدی شەعبییە. پێش ماوەیەکیش پەلاماری هێەکانی حزبوڵلای عیراقی دا، کە پێشتر پەلاماری هێزەکانی ئەمریکایان دابوو. ئەمەش کارێکی قوورسە بۆ کازمی، چونکە لە ئێستادا ئەو میلیشیایانە زۆر بەهێزن.
4/ دانانی بودجەیەکی گشتی بۆ دەوڵەت و  چاکسازی لە بواری خەرجکردن و داهاتی حکومەت. لە ئێستادا عیراق رووبەروی قەیرانێکی دارایی گەورە بۆتەوە ئەوەش بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرنا و دابەزینی نرخی نەوت .
5/ لەناوبردنی گەندەڵی، ئەمەش داواکارییەکی خۆپیشاندەران و هەموو گەلی عیراقە، چونکە گەندەڵی لە تەواوی دامەزراوەو دەزگاکانی عیراقدا بڵاوبۆتەوە.  هەرچەندە ئەمەش کارێکی هەروا ئاسان نییە و پێویستی بە کارو توانا و هێزیکی گەورە هەیە.

 

کازمی و کورد
ماوەی چەند ساڵێکە هەرێمی کوردستان و بەغدا، کۆمەڵێک کێشەی چارەسەر نەکراویان هەیە، هەتاوەکو ئێستاش هیچ هیوایەک بۆ چارەسەرکردنیان نییە. راستە کازمی دژی گەلی کورد نییە، هەروەها زۆر دۆستی سەرانی سیاسی پارتە سیاسییەکانی کوردستان بووە بەتایبەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ماوەیەکیش لە کوردستان ژیاوە، بەڵام لە ئێستادا رووبەروی فشاری گەورەی  هەندێک لایەنی شیعە و سوونەکان بۆتەوە، ئەوان نایانەوێت چیتر پەیوەندی هەرێم و  بەغدا، لەبەرژەوەندی کوردا بێت.  هەروەها لە هەرێمیش ئیرادەیەکی باش نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە داهاتی نەوت و خاڵە سنوورەیەکانەوە هەیە. بۆیە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، یەکێک دەبێت لە کێشە و گرفتەکانی کازمی.

 

کازمی و ئێران
ئێران رۆڵ و هەژموونی گەورەی بەسەر عیراقەوە هەیە،  کازمیش خۆی وەکو دۆست یان دوژمنی ئێران پیشان نەداوە، راستە لە ماوەی پێشوودا  بەهۆی دەستگیرکردنی ئەندامانی حزبوڵلای عیراقییەوە، کەمێک گرژی کەوتە نێوانیان، بەڵام هەر لەسەرتاشەوە ئێران پشتگیری کازمی کردووە.  من لەو باوەڕەدا نیم کازمی دژایەتیی ئێران بکات، چونکە دەبێتە مایەی کێشەی گەورە بۆی. لەهەمانکاتیشدا دۆستایەتیشی، دەبێتە هۆی دژایەتیکردنی لەلایەن ئەمریکاوە، ئەمەش لە بەرژەوەندی کازمیدا نییە. ئەو دەیەوێت دۆستی هەموان بێت و دوژمنی کەس نەبێت.

 

کازمی  و ئەمریکا
لەپاش دەستبەکاربوونی هەندێک لایەنی شیعی، کازمیان بە پیاوی ئەمریکا تاوانبار کرد، کازمی هیچ کاتێک دژی ئەمریکا نەبووە، بگرە پێشتریش لە سایتی مۆنیترۆی ئەمریکی کاریکردووە. هەر بە چەند سەعاتێکیش لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران، "مایک پۆمبیۆی" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پیرۆزبایی لێکرد و دواتریش  دەیڤید شینکەری جێگری وەزیری دەرەوە بە میدیاکانی  راگەیاند: کازمی کەسێکی نیشتمانپەروەرو بەتوانایە. 
بەڵام کازمی ناتوانێت  هێندە لە ئەمریکا نزیک بێت، چونکە دەبێتە دوژمنی ئێران و دۆستەکانی لە عیراق، لەبەرئەوە  نایەوێت نە ببێتە دۆستی ئەمریکا نە دوژمنیشی. یەکێکیش لەو کارانەی  کە بە دڵی ئەمریکا بوو، دەستگیرکردنی ئەندامانی حزبوڵلای عیراقی بوو، کە پێشتر پەلاماری دامەزراوەکانی ئەمریکایان داوە.

 

لەشکرکێشی تورکیا
هەتاوەکو ئێستا مستەفا کازمی هەڵوێستێکی زۆر توندی لە دژی تورکیا نەنواندووە، بەڵام پێشوازیشی  لێنەکردووە، بەداخەوە هەڵوێستی کازمی زۆر لە هەڵوێستی حکومەتی هەرێم باشتر بوو. بەڵام لەگەڵ تورکیا کۆمەڵێك کێشەی هەیە لەپێش هەموویانەوە بوونی بنکەی سەربازی و هەواڵگری لە خاکی عیراق، کێشەی کەمکردنەوەی ئاو بەهۆی بەنداوە زۆرەکانەوە، پشتگیریکردنی هەندێک لایەنی توندڕەوی سوونەی عیراق. 

 

دەرئەنجام
من لەو باوەڕەدام کازمی پێش ئەوەی بێتە سەرۆک وەزیران هەموو ئەم کێشانەی عیراقی بینیوە، دەشزانێت چارەسەرکردنی هەموو ئەم کێشانە بە رۆژ و دوو رۆژ چارەسەر ناکرێت، بۆیە پێویستی بە کات و سەبرو تەحەموولی زۆر هەیە. من لەو باوەڕدام ئەم پیاوەش خاوەنی توانایەکی بەهێزە بەتایبەتی لە رووی رازیکردنی لایەنە ناکۆکەکان و دۆزینەوەی رێگا چارەکان، لە هەمووشی گرنگتر، کەسێکی نیشتمانپەروەرە، ئەمانە دەبنە هێز و وورەیەکی باش بۆ ئەم پیاوە. 

سەرچاوەکان:
1/ مصطفی الكاظمی: من هو رئیس الحكومە العراقیە الجدید؟، سایتی بی بی سی العربی.
2/ مفاوض بارز ولاعب ماكر… من هو رئیس الحكومە العراقی مصطفی الكاظمی؟. سایتی فرانس 24
3/ الرئیس العراقی یكلف مصطفی الكاظمی بتشكیل الحكومە العراقیة. سایتی روسیا الیوم

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×