هەپەگە كوژرانی 14 سەربازی توركیای لە هەفتانین راگەیاند
  2020-07-08       618       

هەپەگە كوژرانی 14 سەربازی توركیای لە سێ چالاكی گەریلادا لە ناوچەی "هەفتانین"ی باشوری كوردستان راگەیاند.

ئاوێنە: ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە)، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: چالاكی هێزەكانیان لە ناوچەی هەفتانین-ی باشوری كوردستان دژبە جموجوڵی هێزەكانی توركیا بەردەوامن.

ئاماژەی بەوەشداوە كە دوێنێ سێشەممە، لە ئەنجامی چالاكییەكی گەریلادا لەدژی هێزێكی سوپای توركیا لە گردی قەسرۆكێ لە هەفتانین، 12 سەربازی توركیا كوژراون.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممەش، هێزەكانیان لە ناوچەی "شەشدارا" لە هەفتانین دو چالاكیان دژ بە سوپای توركیا ئەنجامداوەو لەئەنجامدا دو سەربازی توركیا كوژراون.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە لە ئەنجامی هێرشێكی ئاسمانی سوپای توركیا لە رۆژی 3ی ئەم مانگە لەناوچەی "خانتور"ی سەربە هەفتانین دو گەریلا بە ناوەكانی "گۆران گۆیی" و "ڤیان دەڤریم" شەهید بون.

هەروەها بەیاننامەكەی هەپەگە ناسنامەی سێ گەریلای دیكەی ئاشكراكردون كە رۆژی 27ی مانگی رابردودا لە لە دەڤەری ماسیرۆی سەر بە بەستای شرنەخ لە باكوری كوردستان شەهید بون.

بەگوێرەی بەیاننامەكە یەكێك لە شەهیدەكانی بەستا، فەرماندەیەكی گەریلا بوە بە ناوی ساریا بەستا و دو گەریلاكەی دیكەش ناویان ڤەژین ئاگر و ئاڤاڕەش هەلهەل بوە. شەهیدەكان سەرجەمیان خەڵكی باكوری كوردستان بون.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×