ئەنجومەنی وەزیران دەستپێكردنی قۆناغی دوەمی سیستمی بایۆمەتری پەسەندكرد
  2020-07-08       539       

ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكۆبونەوەی ئەمڕۆیدا دەستپێکردنی قۆناغی دوەمی سیستمی بایۆمەتری پەسەندکرد بە ئاڕاستەی بەرجەستەکردنی حکومەتی ئەلیکترۆنی و بە سودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای زانیاریی لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی حکومەت و فراوانکردنی پڕۆگرامەکە تا بوارەکانی دیکەش بگرێتەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/7/8 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەشداربونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبوەوە.

لە دەستپێکی کۆبونەکەدا، جێگری سەرۆک وەزیران راپۆرتێکی دەربارەی پڕۆگرامیی بایۆمەتری خستەڕو کە تیایدا بە زانیاریی و وردەکارییەوە باسی قۆناغەکانی سیستمەکە و ئامانج و دەرەنجامەکانی سیستمی بایۆمەتری کرد کە پڕۆژەیەکی گشتگیرو فراوانترە لەوەی تەنیا داتابەیسێک بێت بۆ تۆماری بایۆمەتری موچەخۆران.

ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆو ڕاگۆڕینەوە، دەستپێکردنی قۆناغی دوەمی سیستمی بایۆمەتری پەسەندکرد بە ئاڕاستەی بەرجەستەکردنی حکومەتی ئەلیکترۆنی بە سودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای زانیاریی لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی حکومەت و فراوانکردنی پڕۆگرامەکە تا بوارەکانی دیکەش بگرێتەوەو ببێتە یارمەتیدەرێکی سەرەکی بۆ جێبەجێکردنی کردارەکی چاکسازی و بە ئەلیکترۆنیکردنی دامودەزگاکانی حکومەت و هێنانەکایەی شێوازێکی نوێی چالاک بۆ حکومەت و حوکمڕانی دروست. 

بەپێی راگەیەندراوەكە، دواتر بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە کەرتی کشتوکاڵی خستەڕو لەوانە ڕێکخستنەوەی گرێبەستە کشتوکاڵییەکان کە بە جۆرێک بخرێتەوە خزمەتی گەشەپێدانی کشتوکاڵ و ڕێگەگرتن لە تەرخانکردن و بەکارهێنانی زەوی کشتوکاڵی بۆ مەبەستی ناکشتوکاڵی.

لە تەوەرێکی دیکەشدا بێگەرد تاڵەبانی، پلانی وەزارەتەکەی بۆ پەرەپێدانی نەمامگەکانی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێری خستەڕو لە ڕێگای پڕۆژەی هاوبەشی کشتوکاڵی لەگەڵ کەرتی تایبەت وەک سەرچاوەیەکی نوێی داهات و برەودان بەو نەمامگایانە.

ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، بە کۆی دەنگ بڕیاریدا بە پەسەندکردنی راسپاردەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەو بوارانەدا.

لە تەوەرێکی دیکەشدا، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتەکانی (کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی و گەشتوگوزار، داد)ی ڕاسپارد بۆ پەلەکردن لە ڕاییکردنی قەرەبوی ئەو جوتیارانەی کە خاوەنی گرێبەستی کشتوکاڵین و مافی یاسایی قەرەبوکردنەوەیان لە لایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە پشتڕاستکراوەتەوە لە بەر ڕۆشنایی یاسا کارپێکراوەکان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×