سه‌رۆك كۆمار داوای راگرتنی پێشیلكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانی توركیا ده‌كات
  2020-07-08       407       

لە میانی پێشوازیکردنی لە ژمارەیەک لە باڵیۆزی وڵاتانی عەرەبیدا، بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق جەخی لە گرنگی پشتیوانیكردنی عێراق بۆ راگرتنی پێشلکارییە سەربازییەکانی تورکیا كردەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆمار، ئەمڕۆ چوارشەممە، بەرهەم ساڵح، لەکۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە ژمارەیەک باڵیۆزی وڵاتانی عەرەبی.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری بونیادنەر لە تەواوی بوارەکان، بەجۆرێک زامنی پاراستنی بەرژەوەندی هاوبەش بکات.

ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە کە دەوڵەتی عێراقی خاوەن سەروەری پرۆژەیەکی نیشتیمانییە کە ئاشتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی عێراق دەپارێزێت، ھەروەھا ئاماژەشیکرد بۆ ئەوەی سەقامگیری عێراق کۆڵەکەیەکی گرنگە بۆ ئارامی ناوچەکە.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار دوپاتی کردەوە کە عێراق دەوڵەتێکی خاوەن کاریگەرییە لەسەر ئاستی ناوچەکەو جیھان، بۆیە پێویستە رێز لە سەروەری عێراق بگرن و دەستوەرنەدەنە کاروباری ناوخۆیی لە پێناو بونیادنانی پەیوەندییەکی بەھێز لەسەر لێکگەشتنی هاوبەش.

 لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لەگرنگی پشتیوانیکردنی کاروانی چارەسەری ئاشتییانە بۆ تێپەڕاندنی قەیران و گرژییەکان لە ناوچەکەدا، بەجۆرێک ببێتەمایەی بەرقەراربونی ئاسایش و سەقامگیری بۆ گشت وڵاتانی ناوچەکە، سەرۆک بەرھەم ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ناکرێت عێراق ببێتە بەشێک لە سیاسەتی جەمسەرگیری.

ھاوکات ئەوەشی وت: عێراق پەرۆشی سەنگی پێگەکەیەتی لە ناوچەکەدا لە سۆنگەی مێژوی و دێرینی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا، کاری جددیش دەکات بۆ ئەوەی ژینگەیەکی ئارام بێتە کایەوە کە بەرژوەندی و ئامانجی هاوبەش بەیەکەوە گرێ بدات، کە لەو رێگەیەوە پێشکەوتن و گەشەسەندن و خۆشگوزەرانی ئابوری بۆ سەرجەم گەلانی ناوچەکە بێتەکایەوە.

بەرهەم ساڵح جەختیکردەوە لە پێویستی راگرتنی پێشلکارییە سەربازییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق، کە پێشێلکردنی سەروەری عێراق و ئاسایشی ناوچەکە، ھەروەھا ستایشی هەڵوێستی وڵاتانی دۆست و کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی کرد لە پشتیوانی عێراق بەرامبەر  پێشلکارییە بەردەوامەکانی تورکیا و بەرقەراربونی ئاسایش و ئارامی لە عێراق دا.

سەرۆک کۆمار تیشکی خستەسەر ئەوەی کە پێویستە کار و هەماهەنگی هاوبەش ئەنجام بدرێت لە پێناو دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ کێشە سنورییەکانی نێوان ھەردو وڵات بە رێگەی دیبلۆماسی و گفتوگۆی جددی و هەماهەنگی هاوبەش.

لە لای خۆیانەوە باڵیۆزانی وڵاتانی عەرەبی پشتیوانی خۆیان بۆ هەوڵەکانی عێراق دوپاتکردەوە لە بارەی پارێزگاریکردن لە سەروەری و خاکەکەی بەرامبەر بە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی، دوپاتیشیان کردەوە لەسوربونی وڵاتەکانیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری و هەماهەنگیەکانیان و لە بارەی چەندین بابەتی گرنگی هاوبەش وتوێژ كرا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×