ڕێزان شێخ دلێر: هاوكارییەكانی تەندروستی عێراق بۆ سلێمانی لە هەولێرەوە نەدراونەتە شارەكە
  2020-07-08       579       

رێزان شێخ دلێر، پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت "تەندروستی عێراق هاوکاری سلێمانی کردوە بەڵام لە هەولێر ئەو هاوکاریانە بڕدراون و نەدراونەتە سلێمانی."

ئاوێنە: رێزان شێخ دلێر، لە راگەیەندراوێكدا وتی: وەک وەفدی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە درێژەی چالاکیەکانمان بۆ گەیاندنی کێشەکانی هەرێم سەردانی حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی عێراقمان کرد.

وتوشیەتی"لە دیدارمان لەگەڵ وەزیری تەندروستی عێراق جەختمانکردەوە لەسەر ئەو کێشە کەڵەکەبوانەی لە کەرتی تەندروستی هەیە بەتایبەت لە پاڕێزگای سلێمانی و بەرزبونەوەی ژمارەی توشبوانی پەتای کۆرۆنا."

ئەوەشی خستۆتەڕو"بۆ وەزیری تەندروستیمان ڕونکردەوە کە دوای بەغدا زۆرترین ڕێژەی توشبوان بە کۆرۆنا لە سلێمانییە بۆیە پێویستە وەک حکومەتی فـیدراڵ هـەوڵی گەیاندنی زۆرترین هـــاوکاری بدەن بۆ تەندروستی سلێمانی و قەزاو ناحیەکانی ."

بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی، حەسەن تەمیمی جەختیکردۆتەوە لەوەی ئەوان بەگرنگی و وردییەوە چاودێری دۆخی سلێمانی دەکەن و چەندینجار هاوکاریان ناردوە بۆ سلێمانی بەڵام چونکە وەزیری تەندروستی هەرێم داوای کردوە ئەو هاوکاریانە لەڕێگەی ئەوانەوە دابەشبکرێت، بەشێکی زۆر کەمی گەیشتۆتە سلێمانی و لەماوەی ڕابردو هاوکاری حکومەتی تورکیاش هاتۆتە بەغداو هەولێر بەڵام نەگەیەنراوەتە سلێمانی.

رێزان شێخ دلێر وتویەتی"بەڕونی وەزیر پێ وتین کە کێشەکە لە لای خۆتانەوەیە" 

ئاماژەی بەوەشداوە كە وەزیری تەندروستی وتوشیەتی: هەولێر و دهـۆک دۆخیان زۆر باشترە پێویست بو ئەوانیش هاوکاری سلێمانی بکـەن.

بەگوێرەی قسەی رێزان شێخ دلێر، حەسەن تەمیمی بەڵێنیشیداوە کە خۆی سەردانی سلێمانی بکات و داواشی کردوە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی پێشتر سەردانی بکـات، بەمەبەستی زانینی کەموکورتی و پێداویستیەکانیان.

هەروەها وتوشیەتی"هەر لە درێژەی گفتوگۆکانمان داوامان لە وەزیری تەندروستی کرد ئاگاداری کێشەی تەندروستی پارێزگای کەرکوک بێت لە زۆربونی ژمارەی گیانلەدەستان لە پارێزگاکەو هەروەها تەندروستی خورماتو کە تەنها یەک ئامێری هەناساندانی دەستکردیان هەیەو هەروەها کێشەکانی تەندروستی خانەقینیش بەوردی قسەمان لەبارەوە کرد .وەزیری تەندروستی بەڵێنی جددی دا کە بەزوترین کات کاربکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و سەردانی کردنی ئەو شارانە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×