نزیكه‌ی 300 پێشمه‌رگەی سەربە فەرماندەیی شنگال، فه‌سڵ ده‌كرێن و موچه‌ی چه‌ند مانگێكیشیان پێ‌نادرێت، ئەوەش به پاساوی به‌جێنه‌هێنانی ئه‌ركه‌كانیان و پابه‌ندنه‌بون به ده‌وامه‌وه، كه به‌شێكیان هۆكاره‌كه‌ی بۆ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ده‌گه‌ڕێننه‌وه.
ئاوێنە، كەركوك ناو: له چه‌ند مانگی رابردوه‌وه تائێستا، ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی فه‌رمانده‌یی شنگال تایبه‌ت به پاراستنی مه‌زارگه‌ی شه‌ره‌فه‌دین موچه‌ی مانگانه‌یان بڕاوه و به‌شێكیشیان فه‌سڵكراون، كاتێك به‌هۆكاری جیاواز له نێویاندا قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ نه‌یانتوانیوه ده‌وام بكه‌ن.
حه‌مید ره‌شۆ، دواى زياتر له پێنج ساڵ پێشمه‌رگایه‌تی موچه‌كه‌ی بڕاوه، به (كه‌ركوك ناو)ی وت"پێش قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ منداڵێكم نه‌شته‌رگه‌ری بۆ كرا، بۆیه ماوه‌یه‌ك نه‌چومه‌وه ده‌وام و دواتر قه‌ده‌قه‌ی هاتوچۆ بو، بۆیه دابڕام و له‌به‌رانبه‌ردا موچه‌كه‌یان بڕیم."
ئەو كه له كه‌مپی خانكێی دهۆك نیشته‌جێیه‌و ئێستا سه‌رقاڵی كرێكارییه، وتی"شه‌ش مانگه موچه‌ی من بڕاوه، له‌كاتێكدا بارودۆخێكی خێزانیم هه‌بوه و دواتر رێگای شنگال و هه‌رێمی كوردستان نه‌بو تا بگه‌ڕێمه‌وه بۆ ده‌وام."
ئه‌و هێزه‌ی پێشمه‌رگه كه ئه‌ركه‌كه‌یان له مه‌زارگه‌ی شه‌ره‌فه‌دینه له شنگال، له دوای هێرشه‌كانی 2014ی داعشه‌وه به فه‌رمانی مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پێشوی هه‌رێمی كوردستان، پێكهێنران، موچه‌ی مانگانه‌یان سه‌ره‌تا 300 دۆلار بوه‌و ئێستا كه‌مكراوه‌ته‌وه بۆ 200 دۆلار.
خالد قاسم، پێشمه‌رگه له فه‌رمانده‌یی شنگال بۆ (كه‌ركوك ناو) وتی"من ماڵم له شنگاله‌و ده‌وامی خۆم ده‌كه‌م، بۆیه موچه‌م وه‌رگرت به‌ڵام ده‌یان پێشمه‌رگه‌ی تر له كه‌مپه‌كانی دهۆكه‌وه نه‌یانتوانی بێنه ده‌وام موچه‌یان بڕا، ئه‌وه‌ش غه‌درێكی گه‌وره‌یه چونكه به‌ئه‌نقه‌ست نه‌بوه‌و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ وایكردوه ئه‌ركه‌كانیان به‌جێنه‌هێنن."
فه‌رمانده‌یی شنگال سه‌ربه یه‌كه‌ی 8ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یه، سه‌ره‌تا له هه‌شت هه‌زار پێشمه‌رگه پێكهاتبو و ئێستا ته‌نیا سێ هه‌زاریان ئه‌ركه‌كانیان له مه‌زارگه‌ی شه‌ره‌فه‌دین_ـه له قه‌زاكه.
قاسم دربۆ، لێپرسراوی جموجۆڵ له فه‌رمانده‌یی شنگال به (كه‌ركوك ناو)ی وت"له‌ماوه‌ی رابردودا 200 تا 300 پێشمه‌رگه فه‌سڵكراون به هۆكاری جیاجیا، هه‌ندێك له‌وانه ده‌وامیان نه‌كردوه یان دوای نه‌مانی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ ده‌وام و موچه‌یان بڕاوه."
ئه‌و لێپرسراوه‌ی پێشمه‌رگه گرتنه‌به‌ری رێكار به‌رانبه‌ر پێشمه‌رگه‌كان به "ئاسایی" ناوده‌بات و رونیشیكرده‌وه"هه‌ركه‌سێك ده‌وام نه‌كات و نه‌گه‌ڕێته‌وه فه‌سڵده‌كرێت، ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌ك هه‌فته‌یه‌ك یان 10 رۆژ دوابكه‌وێت كێشه نییه به‌ڵام نه‌ك زیاتر له مانگێك نه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌وام."
فه‌رمانده‌یی شنگال، له دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ـه‌وه ژماره‌یان بۆ چوار هه‌زار كه‌س كه‌مكرایه‌وه، له‌و ژماره‌یه‌ش دو هه‌زاریان خرانه سه‌ر فه‌رمانده‌یی دهۆك و دو هه‌زاریان بۆ مه‌زارگه‌ی شه‌ره‌فه‌دین.
به‌وتەی قاسم دربۆ ئه‌و دو هه‌زار كه‌سه دواتر زیاد كران بۆ سێ هه‌زار پێشمه‌رگه، كه ئێستا ئه‌ركه‌كانیان له‌و مه‌زارگه‌یه‌یه، به موچه‌ی مانگانه‌ی 200 دۆلار.