بۆ پشتیوانی جوتیاران، ژوری بازرگانی سلێمانی ١٢٥ تۆن پەتاتە دەکڕێت
  2020-07-10       626       

بۆ زیاتر پشتیوانیکردنی بەرھەمە ناوخۆییەکانی جوتیاران و ساغكردنەوەیان ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی داوای کڕینەوەی بەرھەمە کشتوکاڵییەکان دەکات لەلایەن بازرگانانەوە وەک ھاوکارییەک و پاڵپشتیەک بۆ جوتیاران.

ئاوێنە،زریان محەمەد: سیروان محەمەد، سەۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بە ئاوێنەی ڕاگەیاند"لەکۆبونەوەماندا لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و لیژنەی باڵای وەرزیی کشتوکاڵی پارێزگای سلێمانی بڕیارماندا وەک پشتیوانییەک لەبەرھەمی ناوخۆیی جوتیاران ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی هەڵدەستێت بەکڕینەوەی ١٢٥ تۆن بەرھەمی پەتاتە".

راشیگەیاند"داوا لەتەواوی بازرگانان و سەرمایەداران و کەسانی خەمخۆری شاری سلێمانی دەکەین ھەرکەسەو لای خۆیەوە ھەستێت بەکڕینەوەی جۆرێکی بەرھەمی کشتوکاڵی ناوخۆی".

ئاماژەی بەوەشدا کڕینەوەی ئەو بەرھەمانە دو ئامانجی  ھەیە یەکەمیان پشتیوانییەکی گەورەی جوتیارانە. دوەم ھاوڵاتیانی کەم دەرامەت سودی لێوەردەگرن و دابەش دەکرێتەوە بەسەر ئەوکەسانەی توانای کڕینی ئەو بەروبومانەیان نییە.

ئەم پێشنیارەی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پاش ئەوە دێت کە جوتیاران نیگەرانی خۆیان پیشاندا بەساغ نەبونەوەی بەرھەمەکانیان و نەبونی پشتیوانی پێویست لە بەرو بومەکانیان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×