ئێران رودانی تەقینەوە لە رۆژئاوای تاران رەتدەكاتەوە
  2020-07-10       404       

دوای ئەوەی هەواڵی رودانی تەقینەوەیەك لە ناوچەی "گەرمدرە" لە رۆژئاوای تاران بڵاوبوەوە، چەند بەرپرسێكی ناوچەكە ئەو هەواڵەیان بە درۆ خستەوە.

ئاوێنە، بی بی سی: درەنگانی شەوی رابردو، بەشێك لە بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باسیان لە بیستنی دەنگی تەقینەوەیەك لە ناوچەی "گەرمدرە"ی پارێزگای ئەلبورز-ی ئێران كرد.

هەر شەوی رابردو ئاژانسی میهری ئێرانی بە بێ پشتڕاستكردنەوەی هەواڵەكە، قسەی ئەو بەكارهێنەرانەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی بڵاوكردبوەوە، بەڵام ئەمڕۆ بەرپرسانی ناوچەكە لە ئێران ئەو هەواڵەیان بە درۆ خستەوە.

ئاژانسی فارس نیوز، لە زاری لەیلا واسقی، قائیمقامی شاری قودس-ەوە رایگەیاند: هیچ روداوێك یان تەقینەوەیەك لە شاری قودس یاخود گەرمدرە روینەداوە.

حسێن حەق وەردی، نوێنەری شاری "شەهریار" و "قودس" لە پەرلەمانی ئێرانیش رودانی تەقینەوەی لەو ناوچەیەی ئێران بەدرۆ خستۆتەوە.

لەیلا واسقی، وتویەتی"هیچ دەزگایەكی ئەمنی بیستنی دەنگی تەقینەوە لە قودس و گەرمدرە پشتڕاست ناكاتەوەو ئەو هەواڵانەی بڵاوكراونەتەوە دەنگۆ بون."

حسێن حەق وەردی، بە ئاژانسی ئیسنای وتوە: شەوی رابردو هیچ تەقینەوەیەك لە شارەكانی رۆژئاوای تاران روی نەداوە.

دو هەفتە لەمەوبەر درەنگانێكی شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی، دەنگ و روناكی تەقینەوەیەكی گەورە لە رۆژهەڵاتی تاران بیستراو بینرا.

بەرپرسە ئێرانییەكان رایانگەیاند كە روداوەكە بەهۆی تەقینەوەیەكی كۆگای غازی ناوچەی "پارچین"ەوە بوە، بەڵام دواتر ئەو وێنانەی لە رێگەی مانگ دەستكردەكانەوە گیرابون نیشانیاندا كە شوێنی راستەقینەی تەقینەوەكە لە نزیك "پاركی نیشتمانی خوجیر" بوە كە 20 كیلۆمەتر لە "پارچین"ەوە دورە.

شەوی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوش، ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران رودانی تەقینەوەیەكی لە دەمەزراوە ئەتۆمییەكانی نەتەنز پشتڕاستكردەوە.

ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لەوبارەیەوە رایگەیاند: هۆكاری روداوەكە رونبۆتەوە بەڵام لەبەر هەندێك تێبینی ئەمنی جارێ هۆكارەكە راناگەیەنن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×