كارگەی دۆشاوی هەریر: لە سبەینێوە دەست بە وەرگرتنی تەماتە لە جوتیاران دەكەین
  2020-07-11       759       

بەڕێوبەری کارگەی دۆشاوی ھەریر رایگەیاند: لە سبەی(یەكشەممە)وە دەست بە وەرگرتنی تەماتەی جوتیارانی ھەرێمی کوردستان دەکەن و ڕۆژانە ٢٠ تۆن تەماتە وەردەگرن كە بەگشتی دەتوانن ١٥٠ تۆن وەرگرن و عەمباری بكەن تا کەوتنە کاری کارگەکە.

ئاوێنە: بەڕێوبەری کارگەی دۆشاوی ھەریر، لوقمان حەسەن، بە  ماڵپەڕی رەسمی پارتی وت"دوای ئەوەی بڕیار درا کە جارێکی دیکە کارگەی دۆشاوی ھەریر بخرێتەوە کار دەستمان بە ئامادەکاری کردوە بۆ وەگەڕخستنەوەی کارگەکەو تا مانگێکی دیکە کارگەکە بۆ دروستکردنی دۆشاوی تەماتە دەست بە کار دەکات و دۆشاوی تەماتەی خۆماڵی و لە تەماتەی خۆماڵی بەرھەم دەھێنین و ھەرکاتێک بەرھەمیش ھات، دەخرێتە بازاڕەوە."

لوقمان حەسەن وتیشی"بڕیار بو ئەمڕۆ وەکو پاڵپشتییەک بۆ جوتیاران دەست بە وەرگرتنی تەماتە بکەین و عەمباری بکەین، بەڵام جوتیاران ئامادە نەبون، بۆیە لە سبەینێوە دەست بە وەرگرتنی تەماتە لە جوتیاران دەکەین، چونکە ئێستا کاتی پێگەیشتنی تەماتەی جوتیارانی ھەرێمی کوردستانە."

حەسەن باسی لەوەش کرد"رۆژانە دەتوانین ٢٠ تۆن تەماتە لە جوتیارانی ھەرێمی کوردستان وەربگرین و بەگشتی تا نزیکەی ١٥٠ تۆن تەماتە وەردەگرین دەکرێتە دۆشاو."

لەبارەی ئەوەی بە چ نرخێک تەماتە لە جوتیاران وەردەگرن، ئەو وتی"لە بازاڕ نرخی تەماتەی جوتیاران زۆر ھەرزانە بەھۆی ساغنەبونەوەی، بەڵام وەکو پاڵپشتی بۆ جوتیاران بڕیارمان داوە کە ھەر سندوقێک تەماتە بە سێ ھەزار دینار وەربگرین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×