رەوتی حیكمە: كۆنترۆڵكردنەوەی دەروازە سنورییەكان، دەبێت دەروازە سنورییەكانی هەرێمیش بگرێتەوە
  2020-07-11       612       

فراكسیۆنی رەوتی حیكمە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: هەنگاوی كۆنترۆڵكردنەوەی دەروازە سنورییەكان لەلایەن دەوڵەتەوە دەبێت دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە.

ئاوێنە: حەسەن فەدعەم، پەرلەمانتاری رەوتی حیكمە، لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی هەواڵی رەسمی عێراقی راگەیاند: پشتیوانی لە هەمو هەنگاوەكانی حكومەت دەكەن بۆ سەپاندنی ئاسایش و شكۆی دەوڵەت و یاسا، دەروازە سنورییەكان و گومرگەكانیش لە پێشی ئەو دۆسیانەدان و هیوادارن ئەو رێكارانە تەنیا چەند دەروازەیەك نەكەنە ئامانج.

ئەوەشی خستەڕو"دەروازە سنورییەكان سەرچاوەی وێرانیی ئابوری وڵاتن بەتایبەت دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان."

وتیشی"كۆنترۆڵنەكردنەوەی دەروازە سنورییەكانی هەرێم و سەپاندنی كۆنترۆڵ بەسەر دەروازەكانی دیكەی عێراقدا، وا دەكات دەروازە سنورییەكانی هەرێم سودمەندبن لەم رێكارە و سەرجەم كاڵاكان لەوێوە بێنە عێراق، ئەوەش دەبێتە دژایەتیكردنی سەرجەم پارێزگاكان لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان."

جەختیشی كردەوە"رێكارەكانی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر دەروازە سنورییەكاندا دەبێت سەرجەم دەروازەكان بگرێتەوە بەوانەی هەرێمی كوردستانیشەوە."

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×