2020-07-12   574     
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ڕایگەیاند، بڕیارە سبەینێ چارەسەرە ڕوسییەکەی کۆرۆنا بگاتە هەرێمی کوردستان و لەم هەفتەیەدا بۆ نەخۆشخان بەکاربهێندرێت، هۆشداریشدەدات لەوەی، هیچ کەس بەبێ ڕێنمایی پزیشکی پسپۆڕ بەکارینەهێنێت، چونکە مەترسی گەورە دروستدەکات.
ئاوێنه: ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی تەموزی 2020، د. محەمەد قادر خۆشناو، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ڕاگەیاند: ، "سبەی پشکی هەرێمی کوردستان لە دەرمانی "Favipiravir"ی ڕووسی کە حکوومەتی عێراق کڕیوویەتی، دەگاتە هەرێمی، ئەو دەرمانە یەکێکە لە دەرمانە گرانبەهاکان و پشکی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی تەندروسیی عێراقەوە دابین دەکرێت".
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان وتیشی، "دوای ئەوەی ئەو دەرمانە دەگاتە هەرێم، بەسەر پارێزگاکاندا دابەشی دەکەین و هەر پارێزگایەکیش، بەپێی ژمارەی تووشبوو و ژمارەی نەخۆشخانەکانی کۆرۆنا بڕی دەرمانەکی بۆ دەنێرین".
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەشكرد: "بەئەگەرێکی زۆر هەر لەم هەفتەیەدا دەست بە بەکارهێنانی دەرمانەکە دەکرێت بۆ ئەو توشبووانەی پێویستییانە و چاودێری دەکرێن بۆ زانینی دەرەنجامەکانی دەرمانەکە."
باسی لەوەشکرد: "جگە لە لایەنی فەرمی کە وەزارەتی تەندروستییە، کۆمپانیایەکیش دەرمانەکەی هێناوە، بەڵام پێویستە هیچ کەس بەبێ ڕەچەتەی پزیشکی بەکارینەهێنێت، چونکە دەرمانێکی مەترسیدارە و ئەگەر بە هەڕەمەکی بەکاربهێنرێت، کاریگەری خراپ لەسەر گورچیلە دروستدەکات."
جەختیشیکردەوە: "پێویستە هاووڵاتیان ئاگاداربن، چونکە بەکارهێنانی ئەو دەرمانە بەبێ ڕێنمایی پزیشک ڕەنگە زیانەکانی زۆر لە سودەکانی زیاتربێت."