بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی دەستی لەكاركێشایەوە
  2020-07-12       1209       

د. دۆسی نەجات عوسمان، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی دەستی لەكاركێشایەوەو دەڵێت: دەستلەکارکێشانەوە باشترین بژاردەیە لەوەی کە نەتوانم مافی نەخۆش و پزیشک و کارمەندان دابین بکەم.

ئاوێنە: د. دۆستی، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لەڕێی لاپەڕەی نەخۆشخانەی هیواو هەژماری خۆیەوە لە فەیسبوك، رایگەیاندوە "دوای زیاتر لە پێنج ساڵ کارکردن دەستلەکارکێشانەوەم لە بەڕێوبەری نەخۆشخانەی هیوا پێشکەش کرد."

د. دۆستی لەگەڵ ئاماژەدان بە كارو خزمەتگوزارییانەی لەماوەی چەند ساڵی رابردودا، نەخۆشخانەی هیوا پێشكەشی نەخۆشانی شێرپەنجەی كردوە، وتویەتی"هەلومەرجەکە چیتر لەزۆر ڕوەوە لەبارنییە بۆ جێبەجێکردنی ئاوات و خولیای زیاترو بەوهۆیەوە نامەوێت لەشوێنێکدا کاربکەم کە تەنها رۆتینی رۆژانە بگوزەرێنم."

جەختیشی كردۆتەوە كە "دەستلەکارکێشانەوە باشترین بژاردەیە لەوەی کە نەتوانم مافی نەخۆش و پزیشک و کارمەندان دابین بکەم."

دەقی نوسینەكەی د. دۆستی...

دەستلەکارکێشانەوە

دوای زیاتر لە پێنج ساڵ کارکردن دەستلەکارکێشانەوەم لە بەڕێوبەری نەخۆشخانەی هیوا پێشکەش کرد.

سوپاس بۆ ئەوانەی لەوماوەیەدا پشتیوانی من و نەخۆشخانەی هیوایان کردوە.

سوپاسی بێکۆتایی بۆ هەمو دکتۆر و کارمەندە دڵسۆزەکانی نەخۆشخانەی هیوا و سەنتەری سالاسیمیا و ژیانەوە و تاقیگەی نەخۆشیزانی شۆڕش کە خۆنەویستانە لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا پشتگیرو پشتیوان بون و لەسەر حسابی ژیانی تایبەتی خۆیان خزمەتیان بەدوچاربوانی شێرپەنجە کردوە بەبێ ئەوەی هیچ یەکێکمان چاوەڕوانی سوپاس و پێزانین بین.

لە ئەزمونی پەرەپێدانی نەخۆشخانەی هیواو خزمەتگوزاریەکانی شێرپەنجەدا زۆر هەورازو دژواریمان بڕی بەڵام لەبەرئەوەی ژیانی نەخۆشەکانمان چەقی بیرکردنەوەی خۆم و هاوکارەکانم بو، سەرئەنجام هیوا بوە نمرە یەکی عیراق و تەنانەت لەئاستی وڵاتانی پێشکەوتو.

بۆ یەکەم جار لەسەر ئاستی عیراق چاندنی مۆخی ئێسکمان ئەنجامدا کە سوپاس بۆ خوا سەدان نەخۆشی لەشێرپەنجەو سالاسیمیا چاککردوەتەوەو خەرجی سەدان ملیۆن دۆلاری چارەسەری گرانبەهای لەدەرەوەی وڵات بۆ خەڵک و حکومەت گەڕاندوەتەوە.

ئەگەر روبەڕوبونەوەی شێرپەنجەو خزمەتگوزارییەکانی چارەسەر لە وڵاتانی پێشکەوتوی دنیا یەکجار سەخت بێت ئەوا لە هەرێمی کوردستاندا سەدان جار سەختتر بوە، بەربەستەکان بێشوماربون و لەژێر فشاری دەرونی هەزاران تراژیدیای ئینسانی و سنورداریی توانای خۆماڵی و ئاستەنگی جۆراوجۆردا شەو و رۆژ هەوڵماندەدا تاوەکو بەناوی (هیوا) بیرۆکەی نائومێدی لەم نیشتمانەماندا بسڕینەوەو دامەزراوەیەکی تەندروستی بین کە هیچی لەوڵاتانی پێشکەوتو کەمتر نەبێت، هەر لە سەرەتاوە پلانی کورت مەوداو پلانی دو ساڵەو پێنج ساڵەمان داڕشت و بەشی هەرەزۆری جێبەجێ کرا. بەداخەوە کە هەلومەرجەکە چیتر لەزۆر ڕوەوە لەبارنییە بۆ جێبەجێکردنی ئاوات و خولیای زیاترو بەوهۆیەوە نامەوێت لەشوێنێکدا کاربکەم کە تەنها رۆتینی رۆژانە بگوزەرێنم. دەستلەکارکێشانەوە باشترین بژاردەیە لەوەی کە نەتوانم مافی نەخۆش و پزیشک و کارمەندان دابین بکەم.

داوای لێبوردن لەهەر نەخۆشێک ئەکەم لەوماوەیەدا کە بەڕێوبەری نەخۆشخانەی هیوابوم کەموکورتیەکی لەخزمەتگوزاریەکانمان بەدی کردبێت، بێگومان من و هەمو هاوکارەکانم بە چاوی خزم و کەسی خۆمان لەهەمو نەخۆشێکمان روانیوە بێ جیاوازی و هیچ کات ژورو خزمەتی تایبەتمان بۆ هیچ کەسێک نەبوە لەناو نەخۆشخانەکەدا، ناچار نەبوین ئاستی خزمەتگوزاری بۆ کەسێکی دیاریکراو بەرزتر بکەینەوە چونکە هەر ئەوەشمان پێشکەش بە خەڵکی هەژارو بێدەرەتانی ئەم وڵاتە کردوە.

سوپاسی بێ کۆتام بۆ پزیشک و پەرستارو تاقیگەو کارگێڕی و هەمو بەشەکانی نەخۆشخانە کە گەوهەری نادیاری نیشتمانن.

سوپاسم بۆ خەڵکی دڵسۆزو خێرخوای سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ناوچەکانی گەرمیان و راپەرین کە بەتایبەت لە ساڵانی سەرەتای قەیرانی داراییدا لە ئەوجی چالاکییەکانی سندوقی کۆمەکی شێرپەنجە لە نمونەی بازاڕی هیواو چەندین چالاکی و هۆشیاریدا ئەم نەخۆشخانەیەیان گەشەپێدەداو فراوانیان دەکرد تا لە سەنتەرێکی ٤٠ تەختیەوە بوە نەخۆشخانەیەکی پێشکەوتوی ١٨٠ تەختی.

دوبارە سوپاس بۆ هەمو دڵسۆزانی هیوا کە لەبەر زۆری ژمارەیان لێرەدا ناوم نەبردون.

د. دۆستی نجاة عثمان

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×