بە تۆمەتی گەندەڵی چەند بەرپرسێكی تەندروستی عێراق دەدرێنە دادگا
  2020-07-13       410       

بە تۆمەتی گەندەڵی لە كڕینی چەند پێداویستیەكی تەندروستی، ژمارەیەك بەرپرسی تەندروستی لە پارێزگای موسەننا دەدرێنە دادگا.

ئاوێنه‌: دەستەی دەستپاكیی عێراق رایگەیاند، دوای ئاشكرابوونی گەندەڵی لە كڕینی دەمامك و چەند پێداویستییەكی دیكەی تەندروستی لە پارێزگای موسەننا، داوایانكردووە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی و ژمارەیەك بەرپرسی دیكەی تەندروستی ئەو پارێزگایە بدرێنە دادگا.

دەستەی دەستپاكی لە راگەیاندراوێكدا كە ئەمڕۆ ١٢-٧-٢٠٢٠ بڵاویكردووەتەوە، باسی لەوەكردووە كە لەئەنجامی لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی كڕینی پێداویستی پزیشكی لەچوارچێوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆیان دەركەوتووە گەندەڵییەكی زۆر لە دۆسیەكەدا هەیە.

ئاماژە بەوەشكراوە، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ئەو پارێزگایە، یەك دەمامكی لەجۆری (N95) بە نرخی ٢٢ هەزار دینار كڕیوە، كە زۆر گرانترە لە نرخی راستەقینەی خۆی.

دەستەی دەستپاكیی عێراق ئاشكراشیكردووە، لەسەر ئەو گەندەڵییە داوای دادگاییكردنی هەر لە بەڕێوەبەری پێشووی تەندروستی پارێزگای موسەنناو ئەندامانی لیژنەی كڕینیان كردووە بەگوێرەی ماددەی 331 لە یاسای سزادانی عێراقی.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×