ئاسایشی ئابوری کەرکوک دەستی بەسەر زیاتر لە ٢ تۆن خۆراکی بەسەرچو گرت
  2020-07-13       294       
ئاسایشی ئابووریی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، کە دەستیان بەسەر دوو تۆن ماددەی بەسەرچوودا گرتووە لە برنج، رۆن، بەهارات، کەرەستەی جوانکاری و پاککەرەوە.

ئاوێنه‌: لەراگەیەندراوێکدا ئاسایشی ئابووریی پارێزگای کەرکووک باکووری عێراق ئاماژەی بەوە داوە کە دەستیان بەسەر دوو تۆن ماددەی بەسەرچوودا گرتووە لە برنج، رۆن، بەهارات، کەرەستەی جوانکاری و پاککەرەوە کە لەناو کۆگایەکدا مێژووی دروستکردن و بەسەرچوونیان گۆڕدراو و لە ئەنجامی گەڕان و پشکنینی فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک و هێزەکانی ئاسایشی نیشتمانیی کەرکووک دەست بەسەر دوو تۆن و ٣٠٠ کیلۆگرام خۆراک، کەرەستەی جوانکاری و پاککەرەوەی ماوە بەسەرچوودا گیراوە.

هاوکات بەپێی راگەیەندراوەکە ئەو کەرەستانە لە کۆگایەکدا دەستی بەسەردا گیراوە کە تیایدا خراونەتە ناو کارتۆن و کیسی نوێوە و مێژووی دروستکردن و بەسەرچوونیان گۆڕیوە و ئامادەکراون بۆ دووبارە خستنە بازاڕەوە.

لەم بارەیەوە بەرپرسی راگەیاندن لە ئاسایشی ئابووریی کەرکووک، مستەفا بەیاتی  ئاماژەی بەوە داوە کە کۆگاکەیان داخستووە و خاوەنی کۆگاکە، هەروەها خاوەنەکانی کەرەستەکانیان دەستگیرکردووە و دراونەتە دادگا، کەرەستەکانیش لەلایەن تیمەکانیانەوە لەناوبراون.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×