پارێزگاری هەولێر لەسەر 50 هەزارەكە روونكردنەوە دەدات
  2020-07-13       506       

نووسینگەی پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە، ڕایگەیاند لەپێناو کارئاسانیکردن بۆ ئەو هاووڵاتییانەی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە، دەیانەوێت بێنە ناو شاری هەولێر، پشکنینی پزیشکیان بۆ دەکرێت و لەسەر ئەرکی خۆیان و بە نرخێکی گونجاو دەبێت.

نووسینگەی پارێزگاری هەولێر، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کرد، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی پارێزگاکە، سەرقاڵی داڕشتنی میکانیزمێکن بۆ ئەوەی کارئاسانی بکەن بۆ خەڵک تاوەکو بتوانن بێنە ناو شارەکەوە.

نووسینگەکە جەختی لەوەش کردەوە، "مەرجی هاتنە ناوەوەی هاووڵاتییانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بۆ هەولێر، ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکییە، کە لەسەر ئەرکی خۆیان و بە نرخێکی گونجاو دەبێت".

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هۆکاری خستنەگەڕی میکانیزمەکە، پەرەپێدانی جموجوڵی بازرگانی و ڕانەوەستانی کار و کاسبی خەڵکە، سەرەڕای کارئاسانیکردنیش بۆ هاووڵاتییان.

پێشتر پارێزگار، فەرسەت سۆفی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد 50 هەزار لە هەر هاووڵاتییەک دەسەندرێت کە بەنیازە بێتە ناو شاری هەولێرەوە، لە بەرانبەر خەرجیی پشکنینێکی پزیشکی کە لە بازگەکاندا بۆیان دەکرێت.

وتشی: تێچوی هەر پشکنینێک ٥٠ هەزار دینارە و لە هاووڵاتییەکە وەردەگیرێت، ئەگەر ئەندامانی خێزانێک لە ناو یەک ئۆتۆمبێلدا بوون، تەنها پشکنین بۆ یەک کەسیان دەکرێت، ئەگەر نێگەتیڤ بوو، ئەوا سەرجەمیان رێگەیان پێدەدرێت بچنە ناو هەولێرەوە بە پێچەوانەشەوە، رێگەیان پێ نادرێت".

فەرسەت سۆفی ئەوەشی ڕوون کردەوە، کە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ڕێکارەکان جیاواز دەبن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×