عومەر سەید عەلی: بە پارتی و یەكێتیمان وتوە داهاتی ناوخۆ بەڕێكوپێكی كۆبكەنەوە دەتوانن موچە بدەن
  2020-07-13       1632       

رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: ئەو دۆخەی هاتۆتە ئاراوە خەتای بزوتنەوەكەی ئەوانی تێدا نییەو دەشڵێت: بە پارتی و یەكێتیان وتوە داهاتی ناوخۆ بە رێكوپێكی كۆبكەنەوە دەتوانن موچە بدەن.

ئاوێنە: عومەر سەید عەلى، رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان لە وتەیەکدا لە دوا کۆبونەوەى جڤاتى نیشتیمانى بزتنەوەكەدا، كە ئەمڕۆ دوشەممە، پوختەیەكی لەلایەن میدیای ئەو حزبەوە بڵاوكراوەتەوە، ئاماژەى بە دۆخى ئابورى و سیاسى هەرێمى کوردستان و ناوچەکە و جیهان کردوەو رونى کردۆتەوە کە پەتاى کۆرۆنا و دابەزینى نرخى نەوت کاریگەرى لەسەر جیهان داناو  جەختی كردۆتەوە کە "کاریگەرییەکانى پەتاى کۆرۆنا ئێمەشى گرتەوە لەکاتێکدا ئێمە خۆمان هیچمان نەبو."

وتوشیەتی"دروستبونى ئەم دۆخە و بێکارى و خراپى بژێوى خەڵک خەتاى بزوتنەوەى گۆڕان نەبوە، بەڵکو بزوتنەوەى گۆڕان لەسەر بنەماى رێککەوتننامەیەک بۆ چاکسازى و دژایەتى گەندەڵى و بەدامەزراوەیى و نیشتیمانیکردنى دامەزراوەکان چوەتە ئەم کابینەیەى حکومەت."

لەبارەى پڕۆسەى چاکسازیشەوە، رێکخەرى گشتى بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەی خستۆتەڕو کە دەیانەوێت لەگەڵ پارتى و یەکێتى چاکسازى بکەن بۆئەوەش پڕۆژەیان هەیەو چەندین کۆبونەوەیان کردوە و وتوشیەتی"ئێمە بزوتنەوەیەکى سیاسى مەدەنین و باوەڕمان بە ئیسلاحە و تا بارودۆخەکە ئارام بێت دەتوانین هەنگاوى باشتر بنێین، ئێستاش هەندێک هەنگاوى چاکسازى نراوە، بەڵام پڕۆژە ئەساسى و گەورەکەى چاکسازى هێشتا دەستى پێنەکردوە".

لەبارەى سەردان و کۆبونەوەکانى بزوتنەوەى گۆڕان لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان، عومەر سەید عەلى رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان وتویەتی"ئامانجى سەرەکیمان لە سەردانکردنى لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەبو کە چۆن بتوانین بژێوى خەڵک باش بکەین، لەو کۆبونەوانەدا لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆن هاوڕامان بون، سوپاسیان دەکەین، بە پارتى و یەکێتیشمان وتوە دەستتان بەسەر بازاڕ و خاڵەسنوریەکاندا گرتوەو داهاتى ناوخۆ بە رێکوپێکى کۆبکەنەوە دەتوانن موچە بدەن و بژێوى خەڵک مسۆگەر بکەن".

هەروەک جەختی كردۆتەوە كە بەرەوپێشبردنى دۆخەکە بە ئاشتەوایى لایەنە سیاسیەکان دەکرێت و وتویەتی"تەمەننا دەکەین لەگەڵ لایەنەکانى دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بژێوى خەڵک چارەسەر بکەین ئینجا پەیوەندى نێوان لایەنە سیاسیسەکان و دواتریش پاراستنى ئەم قەوارە سیاسیسە کە ئەرکێکى مێژویى هەمو لایەکمانە."

عومەر سەید عەلی بە ئاماژەدان بەوەی كە كێشە لەناو هەمو حزبەكاندا هەیە لە پێش هەمویانە لەناو گۆڕاندا، كێشە لەناو یەكێتیش هەیەو لەناو پارتیشدا هەیەو دەبێت چارەسەربكرێن و وتیشی"بەڵام ئەوە كەی لۆژیكە كە من نابێت قەوارە سیاسییەكەی خۆم بپارێزم و شەڕی مافە نەتەوایەتی و نیشتمانییەكانم بكەم، ئەمە لە كوێوە هاتوە؟ كەی كاك نەوشیروان شتی وای وتوە، بڕۆ سەیری نوسینەكانی كاك نەوشیروان بكە هەمیشە بەرگری لە پرسە نیشتمانی و نەتەوەیییەكان كردوەو بۆ قەوارەیەكی سیاسی هەوڵی داوە، 100 ساڵە ئێمە بۆ ئەم قەوارە سیاسییە هەوڵدەدەین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×