تەندروستی سلێمانی: هیچ كام له‌ده‌روێشه‌كان تا ئێستا سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌كانیان نه‌كردوه‌ به‌هۆی كۆرۆناوه‌
  2020-07-14       288       

جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات ٨٥% ئه‌وانەی له‌سلێمانی توشی کۆرۆنا بون به‌شێوه‌یه‌كی هێواش گرتویانه، ئەو دەڵێت "هیچ كام له‌ده‌روێشه‌كان تا ئێستا سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌كانیان نه‌كردوه‌ به‌هۆی كۆرۆناوه‌".

ئاوینە: د.هێرش سه‌ید سه‌لیم جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی بەدەنگی ئەمەریکای راگەیاند "ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوو ئاماره‌كانی تووشبوون به‌ ڤایڕه‌سی كۆرۆنا ئه‌گه‌ر نه‌شڵێم دابه‌زیووه‌ به‌ڵام له‌ ئاستێكی سه‌قامگیردایه‌ واته‌ به‌رزبوونه‌وه‌ نییه‌ و نزمبوونه‌وه‌یه‌كی واش نییه‌ كه‌ بڵێین ئه‌مه‌ نزمبوونه‌وه‌یه‌ چونكه‌ ده‌بێت ئێمه‌ ماوه‌یه‌كی 10 ڕۆژ بۆ دوو هه‌فته‌ سه‌قامگیریه‌ك به‌ ئاماره‌كانه‌وه‌ ببینینه‌وه‌ ئه‌و دابه‌زینه‌ش كه‌ هه‌یه‌ بیبینین ئینجا ده‌توانیین بڕیاربده‌ین و بڵێین ئاماری توشبووه‌كان ڕوو له‌ داكشانه‌ ڕوو له‌ نزمبوونه‌وه‌یه‌ هاوكات ژماره‌ی كۆچككردوو-گیان له‌ده‌ستدان كه‌م بۆته‌وه‌ ئه‌وه‌ شتێكی به‌رچاوه‌ و دیاریشه‌ به‌ڵام ژماره‌ی توشبوون ئێستا له‌ ئاستێكی سه‌قامگیردایه‌ نزمبوونه‌وه‌یه‌كی وه‌هاش نییه‌ بتوانیین بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ین كێرڤه‌كه‌ ڕوو له‌خواره‌وه‌یه‌."

جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی وتی "ئێمە له‌كاره‌سات گه‌ڕاینه‌وه‌و به‌ره‌و سه‌قامگیری ده‌ڕۆین ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌ خۆپارێزییه‌ به‌رده‌وام بێت، ڕاسته‌ ژماره‌ی تووشبوون زۆر زیادیكرد 80% بۆ 85% ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه‌ له‌ سلێمانی توشی نه‌خۆشیه‌كه‌ بوون ده‌توانم بڵێم به‌شێوه‌یه‌كی هێواش نه‌خۆشیه‌كه‌یان گرتووه‌ یاخود له‌ بنه‌ڕه‌ته‌دا هه‌ر نیشانه‌شیان نه‌بووه‌ ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ وایكرد كه‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵك تووش ببێت ، ئاماره‌كان له‌وه‌ زیاتر هه‌ڵنه‌كشاوه‌ ئیتر ئایا گۆڕینی كه‌شوهه‌وایه‌ یاخود هه‌رخۆی ڤایڕه‌سه‌كه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان لاوازتر ده‌ربكه‌وێت، ئێستا ئیتر خه‌ڵك وای لێدێت به‌رگری په‌یدا بكات به‌رامبه‌ر ڤایڕه‌سه‌كه‌ كه‌ پێی ده‌ڵێن (immunize) چونكه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هاوڵاتیان تووشبوون هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی زۆر زۆریش چاك بۆته‌وه‌ئه‌مه‌ وایكردووه‌ كه‌ ئێستا ئاماره‌كان ڕوو له‌ داكشان بێت كه‌واته‌ ئێمه‌ نه‌گه‌یشتینه‌ ئه‌و كاره‌ساته‌ی كه‌ باس ده‌كرێت."

ده‌رباره‌ی به‌ڕێوه‌چوونی مه‌راسیم و پرسه‌ی شێخ محه‌مه‌د كه‌سنه‌زان له‌سلێمانی، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی وتی "ئێمه‌ هه‌میشه‌ ووتومانه‌ هه‌موو كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ و قه‌ڕه‌باڵغیه‌ك ئه‌گه‌ر زیادبوونی ژماره‌كان هه‌یه‌ وه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌ر واشبووه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر تۆزێك واقیعی بین ئێران له‌پێش ئێمه‌وه‌ تووشبوو ئێران ده‌مێكه‌ ئه‌و حاڵه‌تی داكشان و هه‌ڵكشانی ڤایڕه‌سه‌ی تێپه‌ڕاندووه‌، ئه‌وه‌شی كه‌ هاتووه‌ تا ئێستا هیچ كه‌سێك له‌وانه‌ سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌كانی ئێمه‌ی نه‌كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ڵگری ڤایڕه‌سی كۆرۆنا بێت یاخود نیشانه‌ی تێدا بێت بۆیه‌ تێبینیمان كردووه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ هاتووشن پێشبینی ده‌كرێت ئه‌گه‌ر تووشبووبن ئێستا چاكبوونه‌ته‌وه‌ به‌ڵام هه‌ر خۆی له‌خۆیدا قه‌ره‌باڵغیه‌كه‌ مه‌ترسیداره‌ بۆ سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایڕه‌سه‌ی كۆرۆنا ئه‌گه‌ر 10-15 كه‌سی تێدا بێت له‌وانه‌یه‌ ده‌روێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ سه‌ردانی ئه‌و شوێنه‌یان كردووه‌ ئه‌وانه‌ تووش ببن به‌ ڤایڕۆسه‌ی كۆرۆنا."


 

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×