بۆ ماوه‌ی دو مانگ سوتەمەنی بێ بەرامبەر بەسەر مولیدە ئەهلییەكاندا دابەش ده‌كرێت
  2020-07-14       1006       
لیژنەی وزە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، “ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریداوە بۆ دوو مانگ سووتەمەنی بێ بەرامبەر بەسەر مولیدە ئەهلییەكاندا دابەش بكرێت، بەڵام بەو مەرجەی خاوەن مولیدە ئەهلییەكان نرخی كارەبا كەم بكەنەوە”.

ئاوێنه‌: لەمیانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا سادق حەمید حەسەن، ئەندامی لیژنەی وزە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وتی، “بەپێی بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ دوو مانگ سووتەمەنی بێ بەرامبەر بەسەر مولیدە ئەهلییەكاندا دابەش دەكرێت و لە بەرامبەردا، خاوەن مولیدە ئەهلییەكان نرخی كارەبا كەم دەكەنەوە”.

هاوکات وتیشی، “لە چوارچێوەی ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، دووبارە چاو بە نرخی كرێی كارەبای مولیدە ئەهلییەكاندا دەخشێندرێتەوە، بەتایبەتیش كە ئێستا وڵات بە رەوشێكی خراپی ئابووریدا تێپەڕدەبێت كە كاریگەریی لەسەر هاووڵاتییان دروستكردووە”.

ئاماژەی بەوەیش دا كە ئامانج لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، كەمكردنەوەی فشاری ئابوورییە لەسەر هاووڵاتییان و وتی، “لە هەر پارێزگایەك لیژنەیەك پێكدەهێندرێت بۆ ئەوەی چاودێری كەمكردنەوەی نرخی كارەبای مولیدە ئەهلییەكان بكرێت”.

دوێنێ‌ دووشەممە سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی بڕیاری دا، سەرجەم پرۆژە لەكاركەوتووەكانی كارەبا بخرێنەوەكار، هەروەها بڕیاری دا بێ بەرامبەر بۆ دوو مانگ سووتەمەنی بەسەر موەلیدە ئەهلییەكاندا دابەش بكرێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×