2020-07-14   1481     
وێنه‌ی مامۆستاكه‌و هاوسه‌ره‌كه‌ی كه گیانیله‌ده‌ستدا
بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هێزه‌كانی پۆلیس‌و پەرلەمانتارانی کەرکوک له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران رادەسپێرێت بەدواداچون بۆ روداوەکەی نەخۆشخانەی کۆماری كه‌ركوك بکەن.
ئاوێنه: دوای بڵاوبونه‌وه‌ی گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی له‌تۆره‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه مامۆستایه‌كی شاری كه‌ركوك به‌ناوی محه‌مه‌د كه‌ریم جه‌باری ده‌ده‌كه‌وێت كة ده‌ستی به‌كه‌له‌پچه به‌ستراوه به‌قه‌ره‌وێڵه‌یه‌كه‌وه كه ته‌رمی هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌سه‌ر دانراوه، ئه‌مرۆ سێشەممە بەشیر خەلیل حەداد لەرێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بەبەڕێوەبەرایەتیی گشتی پۆلیسی کەرکوکەوە کرد‌و رایسپارد تاوەکو لیژنەیەکی تایبەتی لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دروست بکەن بۆ ئەوەی بەدواداچون بۆ ئەو روداوە بکەن کە لەنەخۆشخانەی کۆماری شاری کەرکوک رویداوە.
بەشیر حەداد ئاماژەی بەوەداوه، پێویستە دامودەزگاکان و کارمەندان و فەرمانبەرانی حکومەت بەئەرکی سەرشانی خۆیان هەستن و لەخزمەت هاوڵاتیاندا بن.
وتوشیه‌تی، "هەر کەس‌و لایەنێک لەو روداوەدا تاوانبار بێت پێویستە سزا بدرێت تاوەکو جارێکی دیکە روداوێکی نەخوازراوی لەو شوەیە روونەداتەوە."
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پەرلەمانتارانی کەرکوکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیشی راسپارد بەدواداچون بۆ کارەکانی ئەو لیژنەیە بکەن و چاودێربن بەسەریەوەو گوشار دروست بکەن تاوەکو بەزوترینکات تاوانباری ئەو رووداوە دەستنیشان بکرێت.
له‌باره‌ی ڕوداوه‌كه‌وه ره‌ئوق سه‌عدوڵا، سه‌رۆكی گروپی هه‌ڵوێستی مامۆستایان رایگه‌یاندووه، "مامۆستا محه‌مه‌د له‌خه‌رجی خۆی هه‌شت بوتڵ ئۆكسجینی كڕیوه بۆ خێزانی كه توشی كۆرۆنا بووه، به‌ڵام كارمه‌ندانی ته‌ندروستی نه‌خۆشخانه‌كه ئۆكسجینه‌كه‌یان به‌نه‌خۆشی تر داوه، ئه‌و ناعه‌داله‌تییه‌ش مایه‌ی قبوڵكردن نه‌بووه".
ئه‌و مامۆستایه له‌سه‌ر دابینةكردنی ئۆكسجین بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ی، له‌گه‌ڵ كارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه‌دا بۆته ده‌مه‌قاڵی‌و "له‌وكاته‌دا ئامێرێكی پزیشكی تایبه‌ت به‌هه‌ناسه‌دانی شكاندوه".
به‌وهۆیه‌وه هێزه‌كانی پۆلیس مامۆستاكه‌یان ده‌ستگیركردوه‌و ده‌ستیان به‌كه‌له‌پچه‌یه‌ك به‌و قه‌ره‌وێڵه‌یه‌وه به‌ستۆته‌وه كه ته‌رمی ژنه‌كه‌ی له‌سه‌ر بووه‌و به‌هۆی كۆرۆناوه گیانیله‌ده‌ستداوه.
مامۆستا محه‌مه‌د جه‌باری، دره‌نگانی شه‌وی رابردو به‌كه‌فاله‌ت ئازادكرا، تا ئه‌مڕۆ به‌شداری به‌خاكسپاردنی ته‌رمی هاوسه‌ره‌كه‌ی بكات.
ئه‌مرۆش ژماره‌یه‌ك له‌مامۆستایانی شاری كه‌ركوك گردبونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زاییان ئه‌نجامدا دژی مامه‌ڵه‌ی ته‌ندروستی به‌رانبه‌ر هاوپیشه‌كه‌یان له‌نه‌خۆشخانه.