باڵیۆزی عێراق لە سعودیە قەحتان جەنابی، ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی تەمموز ئاشکرایکرد، سەرۆکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی سەردانی سعودیە دەکات و بە سەردانێکی بەپەلە ناوی بردووە.
باڵیۆزی عێراق لە سعودییە قەحتان جەنابی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سەرۆکوەزیران سەردانی شانشینی سعودیە دەکات، سعودیە یەکێکە لە وڵاتە یەکەمەکان لە بەرنامەی سەردانەکانی مستەفا کازمیدا. جەنابی کاتی سەردانەکەی بەدیاریکراوی ئاشکرانەکرد تەنها وتی، “لە ماوەیەکی نزیک و بەپەلەدا دەبێت بە پشتیوانی خودا”.
باڵیۆزی عێراق لە سعودیە سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات وتی، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سعودیە وەک دوو وڵاتی دراوسێی مسوڵمانی عەرەب شتێکی ئاساییە کە پەیوەندی لەمێژینە و بەهێزبن، سەرەڕای بوونی پەیوەندی هاوبەشی جیۆگرافی، مێژوویی و کۆمەڵایەتی، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا بەرژەوەندی هاوبەشی نێوانیان.
قەحتان جەنابی باسیلەوەشکردووە، هەردوو وڵات هەوڵدەدەن پەیوەندییەکانیان لە ئاستێکی بەرزدابێت، هەروەها حکوومەتی عێراق و سەرکردایەتی سعودیە تێدەکۆشن لە پێناو باشترکردنی پەیوەنییەکانیان و هەردوو وڵاتیش خوازیاری پەیوەندییەکی بەهێز و برایانەن.
جەنابی ئاشکرایکردووە، کە مەبەستی سەردانەکە پتەوکردنی پەیوەندییەکان دەبێت، هەروەها پەرەپێدان و کاراکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان لەناویشیاندا کردنەوەی دەروازەی عەرعەر باسدەکرێت، هەروەها زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسانکاری لە گواستنەوە و هاتوچۆی نێوان هەردوو وڵات و کاراکردنی پەیوەندیی ڕۆشنبیری، کەلتووری، زانستی، پزیشکی، کشتوکاڵی، وەبەرهێنان و سەرجەم لایەنەکانی وزە تاوتوێدەکرێت.
باڵیۆزەکەی عێراق وتی، کردنەوەی دەروازەی عەرعەر یەکێک دەبێت لەو بابەتە گرنگانەی باسدەکرێت، هەرچەندە کاتی کردنەوەی دیارینەکراوە بەڵام هەردوولا دەیانەوێت بە زووترین کات بکرێتەوە. هەروەها پەتای کۆرۆناش یەکێکی دیکە دەبێت لە بابەتە گرنگەکانی گفتوگۆکانی هەردوو وڵات.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا قەحتان جەنابی جارێکی دیکە جەختیکردەوە لەوەی، لە ئێستادا دەروازەی عەرعەر تەنیا دەروازەی نێوان سعودیە و عێراقە گرنگییەکی زۆری هەیە و بابەتی گرنگی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانە، هاوکات دەمانەوێت لە داهاتوودا دەروازەی دیکەشمان هەبێت.