ئەنجومەنی وەزیران پەیڕەوی ناوخۆی بۆ سندوقی خانەنشینی فەرمانبەران پەسەندكرد
  2020-07-15       519       

ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پەیڕەوی ناوخۆی بۆ سندوقی خانەنشینی فەرمانبەرانی هەرێم پەسەندكرد، داهاتی سندوقەکەش تەنیا بۆ شایستەی دارایی خانەنشینان خەرج دەکرێت. هەروەها پەیڕەوی تایبەت بە مەرجەکانی دامەزراندنی بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی و بەرەو ژور پەسەند کرد.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/7/15 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەشداربونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن ، کۆبونەوەی هەفتانەی ئاسایی خۆی لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە ئەنجامدا.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەکەدا، لە چوارچێوەی هەنگاوە کردارییەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری (پەیڕەوی ناوخۆیی بۆ سندوقی خانەنشینی فەرمانبەرانی هەرێم) خستەڕو. ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پەیڕەوەکەی پەسەند کرد، کە مەبەستی سەرەکی لەم سندوقەش زامنکردنی مافی خانەنشینانی هەرێمی کوردستانە لە گشت بوارەکانی وەزیفە، بەپێی ئەم پەیڕەوە داهاتی سندوقەکە تەنیا بۆ شایستەی دارایی خانەنشینان خەرج دەکرێت، سندوقەکەش ئەنجومەنێکی بەڕێوەبردنی دەبێت لە نوێنەری وەزارەتە پەیوەندیدارەکان.

پاشان ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران هەر لە چوارچێوەی پەیرەوەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی  یاسای چاکسازیی ( پەیڕەوی تایبەت بە مەرجەکانی دامەزراندن بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی و بەرەو ژور) سەرەڕای مەرجە گشتیەکانی دامەزراندن لە وەزیفەی گشتیی خستەڕو. پاش گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە بە کۆی دەنگ پەیڕەوەکە پەسەند کرا، کە مەبەستی سەرەکی لەم پەیڕەوەش ڕەچاوکردنی هەبونی بڕوانامە و شارەزایی و لێهاتویی ئەو کەسانەیە کە ئەو پلە وەزیفیانە پڕدەکەنەوە و ڕۆڵی سەرکردایەتی کارگێڕیی دیاریان هەیە لە بەڕێوەبردنی ئەرک و چالاکییەکانی وەزارەتەکان وەک کەسانی پیشەیی و تەکنۆکرات.

ئینجا پرۆژە یاسای نوێی فرۆشتن و بە کرێدانی مایەکانی دەولەت لە لایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان خرایە ڕو و دواتر بە کۆی دەنگ پەسەند کرا.

پاشان بڕیار لە سەر پێشنیاری هاوبەشی هەردو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو درا  تایبەت بە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی جێبەجێکردنی یاسای ڕێکخستنی مافی ڕەفتارکردن لەسەر زەویوزاری کشتوکاڵی ژمارە ( 1) ی ساڵی 2008 تایبەت بە قەرەبوکردنەوەی ئەو جوتیارانەی کە مەرج وپێداویستیەکانی هاتو لە یاسای ئاماژەپێدراویان تێدایە و تا ئێستا مامەڵەی قەرەبوکردنەوەکانیان ڕایی نەکراوە، ئەویش لە دوای وردبینی دۆسیەکان و دڵنیابون لە هەبونی مەرجە یاساییەکان، بەم جۆرە کێشەی بەشێکی زۆر ئەو هاوڵاتیانە چارەسەر دەبێت کە بە شێوەی کارت و بە پێی شایستەبون زەویان پێدراوە لە ساڵانی پێشو بەڵام تا ئيستا لە فەرمانگەکانی تاپۆ بەناویان نەکراوە، دەرفەتیش دەدات بەو هاوڵاتیانەی یەکەی نیشتەجێبونیان لە پڕۆژەکان کڕیوە، بە فەرمی بەناوی خۆیان بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش وەزیرەکانی (شارەوانی وگەشتوگوزار، کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو، داد) ڕاسپێردران پەلە بکەن لە ڕاییکردنی مامەڵەی یاسایی ئەو هاوڵاتیيانە.

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×