پێشمەرگەو سوپای عێراق لە ناوچەی "قوری چای" ڕێککەوتن
  2020-07-15       1265       

بەپێی راپۆرتێكی بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا، هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراق لەسەر کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکانی نێوانیان، لەناوچەی "قوری چای" نێوان قەزاکانی کفری و خورماتو ڕێککەوتن، بەڵام دور نییە، بیرە نەوتەکانی غەڕەو پەڵکانە کە دەکەونە نێوانیانەوە، جارێکی تر ببێتەوە مایەی ئاڵۆزی.

ئاوێنە: لەڕۆژی شەمەی ڕابردوەوە، سوپای عێراق لە ناوچەی قوڕی چای، کە دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانی دیالە، سەڵاحەدین و ناوچەی گەرمیان، ئۆپەراسیۆنێکی دەستپێکردوە، لەوکاتەوە تا ئێستا پێشمەرگەش خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە، بەو پێیەی سوپا هەوڵی پێشڕەویکردنی بۆ هەندێک ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەرێم داوە.

هاوڕێ مەلا ستار ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، کە خەڵکی ناوچەکەیە و لەنزیکەوە چاودێری دۆخەکەی کردوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"پێشمەرگە و سوپا، چەند ڕۆژێکە لە حاڵەتی ئامادەباشیدان، فیشەکێک بتەقێنرایە، ڕەنگە شەڕێکی گەورە هەڵبگیرسایە، بەڵام کێشەکە بە شێوەیەکی عەقڵانی چارەسەر کراوە."

بەپێی وتەی ئەو پەرلەمانتارە، پێشمەرگە و سوپای عێراق ڕێککەوتن، ناوچەی قوڕی چای کە دەکەوێتە نێوانیانەوە و پێشتر هیچ هێزێکی تێدا نەبوە، بە هێزی هاوبەش پڕبکەنەوە، وتی"بڕیارە پێشمەرگە لەو ناوچەیە 7 خاڵی سەربازی و سوپای عێراقیش 5 خاڵی سەربازی دابنێت."

ئەو ناوچەیەی کە ماوەی چەند ڕۆژێکە پێشمەرگە و سوپای عێراق لەسەری ناکۆکن، چەند بیرە نەوتێکی تێدایە، ئەو بیرە نەوتیانە دەکەونە ناوچەی غەڕە و پەڵکانەی سەربە ناحیەی زنانە، هەڵکەندنی بیرەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەعس، بەڵام لەدوای 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە، بیرە نەوتیەکان هیچ هێزێکی عێراقی و کوردیان لێ نەبوە.

بەپێی بەدواداچونەکانی دەنگی ئەمەریکا، پێشمەرگە گومانی هەیە، حکومەتی عێراق هەوڵی دەست بەسەردا گرتنی بیرە نەوتیەکان بدات، بەتایبەت لە قەزای خورماتوەوە، هێزێکی وەڵامدانەوەی خێرا بۆ سەر بیرە نەوتیەکان نێردراوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە هێزی پێشمەرگە کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"گومانەکانی پێشمەرگە وایە کە عێراق هەوڵی دەست بەسەردا گرتنی بیرە نەوتیەکانی پەڵکانە بدات، بەتایبەت ناو بەناو تانکەر دەنێردرێت و نەوت لەیەکێک لەو بیرە نەوتیانە دەبرێت."

بەڵام عەلی حسێنی وتەبێژی حەشدی شەعبی لەخورماتو، وتی"مەسەلەی نەوت لای بەغدایە، ئێمە لێی ئاگادار نین."

چاوبڕینی حکومەتی عێراق بە بیرە نەوتیەکانی پەڵکانە، لەکاتێکدایە ئەو ناوچەیە تا ئێستا داعشی تێدا بوە، بەڵام لایەنی کوردیش چاوی لەو بیرانە بوە، گەرچی هەنگاوی بۆ کۆنترۆڵ کردنیان نەهاویشتوە.

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، ماوەی چەند مانگێکە لەنزیک بیرە نەوتیەکانی غەڕەو پەڵکانە و بەدیاریکراوی لەسنوری گوندی ئاخجەمەشەد، کە لەژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەدایە، کار بۆ دانانی پاڵاوگەیەکی نەوت دەکرێت.

زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا ئاماژەبەوەشدەکەن، پاڵاوگەکە کە گومان دەکرێت بۆ پاڵاوتنی نەوتی غەڕەو پەڵکانە دابنرێت، تا ئێستا نزیکەی حەوت ملیۆن دۆلاری تێچوە، بڕیارە چەند مانگێکی تر تەواو ببێت و تێچوەکەی بگاتە دە ملیۆن دۆلار.

هەر بەپێی زانیاریەکان، زۆربەی ئەو کرێکارانەی لە پاڵاوگەکەدا کاردەکەن، عەرەبی خواروی عێراق و کوردی ئێرانن، هۆکاری ئەمەش بۆ دزە نەکردنی زانیاری لەسەر کارەکانی دەگێڕدرێتەوە.

هاوڕێ مەلا ستار، ڕونیکردەوە زانیاری نیە لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بیرە نەوتیەکانی غەڕەو پەڵکانە کەدەکەونە نێوان پێشمەرگە و سوپاوە، وتی"نازانم پێشمەرگە ئەچنە سەر بیرەکان یان سوپا."

گرژی و ئاڵۆزیەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لەناوچەی قوڕی چای، لەکاتێکدایە پێشتر پێشمەرگە هەوڵیدا هێز بباتە ئەو ناوچەیە، بەڵام سوپای عێراق ڕێگربو، کەچی ئێستا عێراق هێزی بردوەتە ئەو ناوچەیە، بێ ڕاوێژکردن بەپێشمەرگە، بۆیە لەڕۆژانی ڕابردودا گرژی دروستبو.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×