بەرهەم ساڵح جەخت لە پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ راگرتنی پێشێلكارییەكانی توركیا دەكاتەوە
  2020-07-16       430       

لەمیانی پێشوازیكردنی لە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق جەختی لە پشتیوانی و هاوکاری نێودەوڵەتی بۆ راگرتنی پێشێلكارییە سەربازییەکانی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق كردەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٠/٧/١٦ لە كۆشكی بەغداد پێشوازیكرد لە ژان ئێف لۆردیان، وەزیری دەرەوەی فەرەنساو دەفدی هاوڕێی.

لەودیدارەدا باس لە چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندی دۆستانەی نێوان عێراق و فەرەنساو فراوانكردنی ئاسۆی هاریكاریی لە بواری ئابوری و فەرھەنگی و بايەخی هاوکاری ستراتیجی نێوانیان کرا به ئاڕاستەی ئاوەدانی عێراق و هاوکاری لە روبەڕوبونەوەی پەتای کۆرۆنادا.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆك كۆمار جەختی لەپێویستی پشتیوانیكردنی كۆمەڵی نێودەوڵەتی لە دەوڵەتی عێراقی خاوەن سەروەری تەواو کردەوە وەك بناغەیەك بۆ پرۆژەی نیشتمانی و پاراستنی سەقامگیری عێراق، ھاوکات ھێنانەکایەی سیستمێكی ھەرێمایەتی کە زامنی ئاشتی و سەقامگیری و خۆشگوزرانی بێت بۆ سەرجەم گەلانی ناوچەكە.

ھەر لە دیدارەکەدا بەرھەم ساڵح دوپاتیكردەوە کە عێراق بە گرنگییەوە دەڕوانێتە هەڵوێستی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانی لە پاراستنی سەروەری و سەلامەتی خاکەکەی و راگرتنی پێشێلكارییە سەربازییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق، جەختیشكردەوە لە پێویستی چارەسەرکردنی كێشە سنورییەكان لە رێگەی هاریكاری نێوان هەردو دەوڵەتی دراوسێ‌ و دوركەوتنەوە لە گرتنەبەری رێوشوێنی تاكلایەنە.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆك كۆمار پشتیوانی فەرەنسای بۆ عێراق بەرزنرخاند، بەتایبەتی بەشداری کارای لە چوارچێوەی هەوڵەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە جەنگی دژ بە داعش، ھاوکات  ئاماژەشیكرد بۆ پێویستی بەردەوامبونی هاریكاری و هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی بۆ تەواوكردنی سەركەوتنی یەكجارەكی بۆ ریشەكێشكردن و وشككردنی سەرچاوەكانی تیرۆر و توندڕەوی.

لەلای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ هەوڵەكانی عێراق دوپاتكردەوە لە پارێزگاریكردن لە سەروەری و زامنكردنی سەقامگیری و بەدیهێنانی داواكاری گەلی عێراق لە ھێنانەدی خۆشگوزەرانی و پێشكەوتندا.

لە کۆتایی دیدارەکەدا دوایین گۆڕانکاری ناوچەکەو نێودەوڵەتی خرایەڕو، جەختیشكرایەوە لە پێویستی دیالۆگی بونیادنەر بۆ چارەسەركردنی قەیران و گرژییەكان لە ناوچەكە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×