ئەمریكا هەوڵی بەستنەوەی كارەبای عێراق بە وڵاتانی كەنداوەوە دەدات
  2020-07-17       1017       

ئەمریكاو عێراق و ئەنجومەنی هاریكاریی وڵاتانی كەنداو جەخت لە پشتیوانی خۆیان بۆ پڕۆژەی بەستنەوەی تۆڕی كارەبای عێراق بە وڵاتانی كەنداوەوە، دەكەنەوە.

ئاوێنە: وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ هەینی، بەیاننامەكەی سەبارەت بە پڕۆژەی بەستنەوەی تۆڕی كارەبای عێراق بە وڵاتانی كەنداوەوە بڵاوكردەوە.

وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەداوە كە دوێنێ پێنجشەممە لە رێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە نوێنەرانی حكومەتی عێراق، ئەمریكاو ئەنجومەنی هاریكاری وڵاتانی كەنداو كۆبونەتەوە بۆ تاوتوێكردنی بابەتی بەستنەوەی تۆڕی كارەبای عێراق بە وڵاتانی كەنداوەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە كە كۆبونەوەكە بە پشتیوانی ئەمریكاو لەلایەن ئەو وڵاتەوە رێكخراوە بە ئامانجی كاركردن بۆ دۆزینەوە رێگەیەكی كارا بۆ جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیەو هەنگاونان بۆ هاندانی هاریكاریی ئابوری نێوان عێراق و وڵاتانی كەنداو.

بەپێی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بەیاننامەی هاوبەشی كۆبونەوەكە بڵاوكراوەتەوە كە تێیدا حكومەتی عێراق، ئەمریكا و ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو پشتیوانی تەواوەتی خۆیان بۆ پڕۆژەی بەستنەوەی تۆڕی كارەبای عێراق بە تۆڕی كارەبای وڵاتانی كەنداوەوە دوپاتكردۆتەوە و ئەمریكاش پابەندبونی خۆی بۆ ئاسانكاریی پڕۆژەكەو پشتیوانیكردنی لە هەركاتێكدا پێویست بێت، راگەیاندوە.

بەپێی بەیاننامە هاوبەشەكە، ئەو پڕۆژەیە، وزەی كارەبای پێویست بۆ هاوڵاتیانی عێراق دابین دەكات و پشتیوانی گەشەی ئابوری لە عێراق بەتایبەت لە پارێزگاكانی باشور دەدات.

لە بەیاننامە هاوبەشەكەدا هاتوە كە هەر سێ لایەن چاویان لەوەیە پێشكەوتنی زیاتر لە هاریكاری نێوانیاندا لە بوارەكانی ئابوری و وزەدا بێتەدی بەشێوەیەك ببێتە بنەمایەك بۆ ئاشتی و گەشەكردنی ناوچەكە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە رێژەی زیاتر لە ٨٠٪ی ئەو کارەبایەی کە ئێران هەناردەی دەرەوەی دەکات، عێراق دەیکڕێت، سەرباری ئەو سزا ئابورییانەی کە ئەمریكا بەسەر ئێراندا سەپاندونی، ئەمریکا چەندجارێک عێراقی بواردوەو رێگەی پێداوە کارەباو غاز لە ئێران بکڕێت.

پێدەچێت پرۆژەکەی وڵاتانی هاریکاری کەنداو بۆ دەربازکردنی تەواوەتی عێراق بێت لە کارەبای ئێران، بەتایبەتیش لەکاتێکدا بەمدواییە عێراق قەرزێکی زۆری پارەی کارەبای هاوردەکراوی هاتوەتەسەر. 

بەیاننامەكە هاوبەشەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە حكومەتی عێراق داوای لە ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو و ئەمریكا كردوە پەلەبكرێت لە جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەی كە لە ساڵی 2018 لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دراوە لە كۆنگرەی كوێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×