بانکی رافیدەین: شایستە داراییەکانی جوتیاران دابەشدەکرێت
  2020-07-18       851       

بانکی رافیدەینی عێراق رایگەیاند، دوای ئەوەی بودجەی پێویست بۆ دابەشکردنی شایستە داراییەکانی جوتیاران رەوانەی بانکەکەیان کراوە، راستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی پارەکە دەکرێت.

ئاوێنه‌: بانکی رافیدەین کە بانکێکی حکومی عێراقە لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، دوای ئەوەی تەواوی رێکارە یاساییەکان کە پێویست بوە تەواوکراون، ئەمڕۆ شەممە فەرمان دراوە راستەخۆ دەست بەدابەشکردنی شایستە داراییەکانی جوتیاران بکرێت.

لای خۆیەوە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، پارەی پێویست بۆ شایستەداراییەکانی جوتیاران ئامادەکراوە و جوتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان دڵنیادەکەنەوە کە شایستەداراییەکانیان پێدەدرێت.

پێشوتریش وەزارەتی بازرگانی عێراق باسی لەوەکردبو، دوای ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گەنم لە سەرانسەری عێراق گەیشتە چوار ملیۆن و 500 هەزار تەن، دەوڵەت بۆ دابینکردنی گەنم گەیشتە ئاستی خۆبژێوی.

پەیوەست بەم بابەتەش وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی هه‌رێمی كوردستان دەڵێت،  ئه‌مساڵ نزیكه‌ی 2 ملیۆن و 400 هه‌زار ته‌ن گه‌نم لە هەرێم به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، بەڵام حكومه‌تی عێراق ره‌زامه‌ندی ته‌نها له‌سه‌ر وه‌رگرتنی 390 هه‌زار ته‌ن گه‌نمی جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان داوه کە دەکاتە 14.5%ی بەرهەمی گەنمی جوتیاران.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×