ئەوروپا هەڕەشە لەچەند وڵاتێك دەكات لەسەر لیبیا
  2020-07-19       587       

هەرسێ وڵاتی ئەوروپا  فەرەنسا وئەڵمانیا و ئیتاڵیا هەڕەشەی سزا و ئابڵوقە لەو وڵاتانە دەکەن کە پێشێلی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ئابڵوقەی لیبیا بۆ چەک و تەقەمەنی دەکەن.

ئاوێنه‌: لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا، ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا و گیوسێپێ کۆنتێ، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا دەڵێن، هەموو وڵاتە بیانییەکان دەبێت کۆتایی بە دەستێوەردان  و شکانی ئابڵوقەی چەکی لیبیا بهێنن.

هۆشداریی دەدەن، ئێمە ئامادەین سزای ئەوانە بدەین کە ئابڵووقەی چەکی لیبیا لە رێگای ئاسمانی، ئاوی و وشکانی دەشکێنن.

تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی ئەم هەڕەشەیە دەیگرێتەوە چونکە لە چەند هەفتەی رابردوو، چەک و چەکداری بۆ حکومەتی لیبیا ناردووە، هەروەها ئیمارات، میسر و رووسیاش، بەهاوکاریکردنی خەلیفە حەفتەر، فەرماندەی سوپای نیشتمانی لیبیا، تۆمەتبار دەکرێن.

لە چەند رۆژی رابردوو، جەنگ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەند وێستگەیەکی نەوتی لیبیا لە ناوچەی سەرت بەردەوامە کە ئێستا لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی خەلیفە حەفتەرە.

جیا لەم هەڕەشانە، میسر و تورکیاش هەڕەشە لە یەکدی دەکەن لە بارەی دەستێوەردان لە لیبیا.

 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×