محەمەد جەواد زەریف: پێشوازی لە عێراقێکی پڕ لە ئاشتی و ئاسایش دەکەین
  2020-07-19       438       
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند کە ژمارەیەک دۆسیەی ئابووریی، ئەمنیی و سیاسییان باس کردووە.
 
ئاوێنه‌: لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا، فوئاد حوسێن وتی، “سەردانەکە ئاماژەیەکە بۆ پتەوی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران و لەم رووەوە سوپاسیان دەکەین، لەکاتێکدا ھەردوو وڵات رووبەڕووی گەورەترین ئاستەنگ بوونەتەوە، ئەویش پەتای کۆرۆنایە”.

فوئاد حوسێن وتیشی، “لە دیدارێکی دۆستانەدا گفتوگۆمان کرد سەبارەت بە کۆمەڵێک پرس کە گرنگن بۆ ھەردوو وڵات و پەیوەندی دوولایەنە، باسی ئاڵوگۆڕی بازرگانییمان کرد کە بەشێوەیەکی کاتی کەم بووەتەوە بەھۆی رێکارە تەندروستییەکان و داخستنی دەروازە سنوورییەکان بۆ کاتێکی دیاریی کراو و خەجتمان کردەوە لەسەر دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ بەردەوامبوونی پەیوەندییە بازرگانییەکان سەرەڕای پەتای کۆرۆنا”.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بە هاتوچۆ و سەردانە ئاینییەکان کرد و وتی، “لە کۆبوونەوەکەدا، باسی بابەتی سەردانی ئایینمان کرد و پێویستیی بوونی ھۆشیاری لەم رووەوە، ھەروەھا لە دۆخی ھەرێمیی ئاماژەمان بەوە کرد کە پێویستە سەروەری عێراق پارێزراو بێت”.

فوئاد حوسێن وتیشی، “لەلایەن خۆمانەوە جەختمان کردەوە کە پەیوەندییەکی دۆستانەمان دەوێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە روانگەی بەرژەوەندی هاوبەشی ئەو وڵاتانە بەبێ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆ و لە چواچێوەی نیوەدوڵەتییشدا جەختمان کرەدەوە لەسەر پێویستی دوورخستەوەی هەڕەشەکان لە ناوچەکە و پاراستنی سەروەری عێراق و گفتوگۆمان کرد لە بارەی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بۆ ئێران لە چەند رۆژی داھاتوودا”.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەیش کرد کە وەزیری دەرەوەی ئێران دیداری لەگەڵ هەریەک لە سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی و سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی دەبێت و دواتریش دیداری لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت”.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف وتی، “زۆر خۆشحاڵم لە خزمەتی ئێوەدام، ئێمە ئەزموونێکمان هەیە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و ئەم پەیوەندییانە لەبیرناچێت و بێگومان ئێمە پێشوازی لە عێراقێکی پڕ لە ئاشتی و ئاسایش دەکەین و رۆڵی کاریگەری عێراق و دەستوەردان نەکردن لە کاروباری ناوخۆ بەجددی کاری لەسەر کراوە و هێشتا دەبێت هۆشیار بین”.

محەمەد جەواد زەریف وتیشی، “پێویستە ئیمکانیاتی ئابووری وڵات کەڵکی لێ وەربگیرێت و ئێمە پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەیە لە بواری وزە و ئابووری و درێژەش بەم پەیوەندییە دەدەین، هەروەها لە سەردانی سەرۆککۆماری ئێران، حەسەن روحانی رێککەوتن کرابوو، ھەوڵێکی زۆریش دەدەین لە پێناو ئەمەدا و رێککەوتنی زۆر کراوە و ئەمەیش لە بەرژەوەندی ھەردوولایە چ لە بواری وزە، دەریا، گەشتیاری و تەندروستیی، عێراق بۆ ئێمە دراوسێیەکی گرنگە”.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف جارێکی دیکە ئیدانەی هێرشەکەی ئەمریکای کرد کە تیایدا فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی کوژرا.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×