سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق جەخت لەپێویستی چارەسەری كێشەكانی نێوان بەغداو هەرێم دەكەنەوە
  2020-07-19       477       

سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق تاوتوێی چەندین پرسیان كردو سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم، جەخت لەسەر پێویستی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێراوەكانی نێوان هەردولا دەكەنەوە لەسەر بنەمای دەستور.

ئاوێنە: بەپێی بەیاننامەیەكی سەرۆكایەتی كۆمار، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە ٢٠٢٠/٧/١٩ لە كۆشكی بەغداد، سەرۆك كۆمار د.بەرهەم ساڵح، سەرۆك وەزیران، مستەفا كازمی و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران محەممەد حەلبوسی كۆبونەوەو چەندین پرسیان لەسەر ئاستی ناوچەكەو عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق تاوتوێ كردن.

لە کۆبونەوەکەدا جەختکرایەوە لەسەر گرنگی بەردەوامبونی لایەنە تەندروستییەكان بۆ دابینكردنی پێداویستی چارەسەرو پشكنینەكان و پەرەپێدانی توانای پێویست بۆ نەخۆشخانەو ئەو شوێنانەی كە دابڕینی تەندروستییان بۆ كراوە، بەجۆرێک ببێتەمایەی بەرەو پێشبردن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و چارەسەری باشتر بۆ هاوڵاتیان.

لە بەشێكی دیکەی كۆبونەوەكەدا چەندین رێگەچارەی گونجاو گفتوگۆی لەبارەوە كرا لە پێناو تێپەراندنی دەرهاویشتەكانی دۆخی ئێستای دارایی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان، بەتایبەت ئەو توێژە كۆمەڵایەتیانەی كە خاوەن داهات و توانای سنوردارن، هەروەها كاری زیاتر بكرێت بۆ زامنكردنی خزمەتگوزاری بە تایبەتیش لە بواری تەندروستی و درێژەدان بە كاروانی ژیاری و بازاڕ.

كۆبونەوەكە ستایشی ئەو رێوشوێنە حكومیانەی كرد كە گیراوەتەبەر بۆ زامنكردنی سەرچاوەی جۆراوجۆر لە داهاتی نیشتمانی و هەوڵدان بۆ سنورداركردنی سروشتی پاوانخوازی لە سیستەمی ئابوری و دارایی، لەوبارەیەشەوە كۆبونەوەكە بە ستایشی زۆرەوە لەو رێوشوێنە حكومیانەی روانی كە گیراونەتەبەر بۆ كۆنترۆڵكردنی خاڵە سنورییەكان و گرتنەبەری رێوشوێنی كارا كە ببێتە هۆی ریشەكێشكردنی گەندەڵی و گەندەڵكاران و پارێزگاریكردن لە دارایی گشتی و ئابوری نیشتمانی و جەختكردنەوە لە سەروەری دەوڵەت و هێزی یاسا.

تەوەرێکی دیکەی كۆبونەوە تەرخانكرا بۆ تاوتوێكردنی دۆخی ئەمنی كە بەگرنگی تایبەتەوە لەو رێوشوێنە ئەمنی و هەواڵگری و سەربازییانەی ئێستای روانی لە پێناو بەردەوامیدان بە جەنگی دژ بە تیرۆر و قەڵاچۆكردنی پاشماوەو رەگ و ریشە و شانە نوستوەکانی تیرۆریستان.

لە درێژەی كۆبونەوەكەدا دوای بابەتی ئەمنی، سەرۆك وەزیر مستەفا كازمی بەرنامەی كاری دو سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی بۆ عەرەبستانی سعودی و كۆماری ئیسلامی ئێران خستەرو، هەروەك جەختكرایەوە لەگرنگی پەیوەندییەكانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ‌ و سوربون لەسەر پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە كە ببێتە مایەیی هاریكاری بونیادنەر لەبوارە جیاجیاكان، ھاوکات زامنی بەرژەوەندییەكانی گەلان بكات لە ناوچەكە و ببێتە مایەی رەخساندنی كەشێكی هەرێمایەتی جێگیر و لەباری نیازپاكی لێكتێگەیشتن برەخسێنێت و رەچاوی سەروەری نیشتمانی و پەرەپێدای لێكتێگەیشتن بكات لە پێناو ئاسایش و ئاشتی و گەشەپێدانی ناوچەكە.

هەر لەو كۆبونەوە سێ‌ قۆڵییەدا پێویستی كاری جددی و چڕكردنەوەی هەوڵەكان تاوتوێكرا لە پێناو رەخساندنی كەشێكی لەبار بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت و دیاریكردنی وادەیەك بۆ ئەنجامدانی لەبەر رۆشنایی ئەو بەڵین و پابەندیی و بەرپرسیارییانەی كە دراون لە بەردەم گەل و داواكارییەكانی و پەلەكردنیش لە تەواوكردنی چاكسازی یاسایی پێویست بۆ بەجێ‌ گەیاندنی هەڵبژاردنێكی ئازاد و دادپەروەر و پاك كە رەنگدانەوەی ویستی گەلی دیموكراسی بێت.

سەبارەت بە چوارچێوەی كاری پەرلەمانی و چاودێریش، كۆبونەوە گفتوگۆیكرد لەبارەی بەرنامەی یاسادانانی داهاتوی ئەنجومەنی نوێنەران، دوپاتیشكرایەوە كە سێ‌ سەرۆكایەتییەكە پشتیوانی تەواو دەكەن بۆ هەوڵەكانی لیژنەی بەدواداچون لە كەرتەكانی كارەبا و گەیشتن بە هۆكارەكانی كەموكوڕی ئەم كەرتە و سزادانی كەمتەرخەمانی ئەو بوارە.

بەشداربوانی کۆبونەوەکە جەختیانكردەوە لەسەر پرۆژەی نیشتمانی بۆ پاڵپشتیكردنی دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری تەواو تا بتوانێت پارێزگاری لە مافی هاونیشتمانی و ئاسایشی نیشتمانی و سەروەرییەكەی بكات، هەروەها گفتوگۆشكرا لەبارەی ئەو رێوشوێنە جیاجیایانەی كە لە ئاستی جیاواز گیراونەتە بەر بۆ پەرەپێدانی رۆڵی دەوڵەت و چەسپاندنی سەروەری دەوڵەت.

هەر لەو كۆبونەوەیەدا تەئكیدكرایەوە لەپێویستی بەردەوامی كار و رێوشوێنەكان و بەهێزكردنی هاوبەشی نیشتمانی و هێنانەكایەوەی هاوسەنگی نیشتمانی بەگوێرەی دەستور و چەسپاندنی بناغەی دەوڵەتی ھاوڵاتی و حوكمی یاسا.

لە كۆتایی كۆبونەوەكەدا باس لە پەیوەندی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان كرا و جەختكرایەوە لە پێویستی كاركردن لە پێناو رێوشوێنی كرداری كە ببێتە هۆی یەكلاكردنەوەی دۆسیە هەڵپەسێردراوەكان، كە زامنی مافی هاوڵاتی بكات بەبێ‌ جیاكاری و بەگوێرەی دەستور و لێكتێگەیشتنی نیشتمانی بەپرسانەش پتەو بكات.‎

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×