سوڵتان هاشم، وەزیری بەرگری سەردەمی سەدام، گیانی لەدەستدا
  2020-07-19       1617       

بەپێی میدیا عێراقییەكان، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، سوڵتان هاشم، وەزیری پێشوتری بەرگری عێراق، بەهۆی كێشەی دڵەوە كۆچی دوایی كردوە.

ئاوێنە: میدیا عێراقییەكان بڵاویان كردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ سوڵتان هاشم لە زیندانی ناوەندی ناسریە(ئەلحوت) توشی كێشەیەكی توندی دڵ بوەو بەوهۆیەوە بەرەو سەنتەری نەخۆشی دڵی شارەكە گوازراوەتە بەڵام لە رێگە گیانی لەدەستداوە.

ئەوەشیان خستۆتەڕو كە سەنتەری نەخۆشییەكانی دڵ لە ناسریە رەتیكردۆتەوە بەڵگەنامەی مردن بۆ سوڵتان هاشم دەربكات چونكە ناوبراو بەمردویی گەیەندراوەتە نەخۆشخانەكەو بۆیە تەرمەكەی رەوانەی پزیشكی دادوەری كراوە.

رۆژی 24ی حوزەیرانی ساڵی 2007، بەهۆی تاوانی جەنگ و تاوانەكانی دژبە مرۆڤایەتی، بڕیاری سزای لەسێدارەدان بۆ سوڵتان هاشم دەرچو، بەڵام بڕیارەكە بەهۆی رەتكردنەوەی لەلایەن سەرۆك كۆماری ئەوكاتی عێراق جەلال تاڵەبانی و جێگرەكەی تارق هاشمی، جێبەجێنەكرا.

 

 

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×