2020-07-21   465     
سەرۆك وەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی، “رێگە بەوە نادین دووبەرەكیی لە قەزای تارمییە یان هەر ناوچەیەكی دیكەی عێراق، بوونی هەبێت”.
ئاوێنه: سەرۆك وەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی بەمەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی ئەمنیی و خزمەتگوزاریی قەزای تارمییە باكووری بەغدا، سەردانی قەزاكەی كرد.
نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە كە مستەفا كازمی لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ قەزای تارمییە لەگەڵ فەرماندەیی ئەمنییەكاندا كۆبووەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە لە كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك وەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی رایگەیاندووە كە هێزە ئەمنییەكان بەچڕی هەوڵەكانیان بە ئامانجی راوەدوونانی شانەکانی تیرۆریستیی لە ناوچەكانی عێراق خستووەتەگەڕ و وتی،”رێگە بەوە نادین دووبەرەكیی لە قەزای تارمییە یان هەر ناوچەیەكی دیكەی عێراق بوونی هەبێت، دانیشتوانی تارمییە رۆڵەی ئێمەن و هێزەكانمان بە باشی ئەركەكانیان بۆ پاراستنی گیانی دانیشتوانی تارمییە جێبەجێ دەكەن”.
مستەفا كازمی وتیشی:، “هەندێك كەس و لایەن هەن هەوڵی زیندووكردنەوەی تائیفەگەریی دەدەن، بەڵام بەرپەرچی ئەو هەوڵە دەدەینەوە”.
لە راگەیەندراوەكە باس لەوەیش كراوە كە لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك وەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە کە هێزە عێراقییەكان كە سەركەوتنی گەورەیان لە شەڕەكانی دژبە تیرۆر تۆماركردووە بە هەمان شێوە ئاسایشی هاووڵاتییان لە سەرجەم شارەكاندا، دەپارێزن.
پێشتر راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، قاسم ئەعرەجی بەمەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی ئەمنی قەزای تارمییە باكووری بەغدا، سەردانی قەزاكەی كرد و لە میانیدا لەگەڵ فەرماندە ئەمنییەكاندا كۆبوویەوە.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت چەند رۆژێك لەمەوبەر فەرماندەی لیوای ٥٩ی سوپای عێراق، عەمید روكن عەلی حەمید غێدان لە قەزای تارمییە باكووری بەغدا لەلایەن ژمارەیەك تیرۆریستەوە تەقەی لێكرا و بەهۆیەوە كوژرا.