هەواڵگری عێراقی: عەبدوڵڵا قەرداش هەوڵی رێكخستنەوەی چەكدارانی داعش دەدات
  2020-07-22       441       

بەڕێوەبەری گشتیی هەواڵگریی و بەرنگاربوونەوەی تیرۆر رایگەیاند، “عەبدوڵڵا قەرداش، خەلیفەی داعش كە لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی سووریا خۆی حەشارداوە، لەئێستادا هەوڵی رێكخستنەوەی چەكدارانی رێكخراوەكە دەدات”.

ئاوێنه‌: لەمیانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی ئەلسەباح، ئەبو عەلی بەسری، بەڕێوەبەری گشتیی هەواڵگریی و بەرنگاربوونەوەی تیرۆر لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند كە خەلیفەی نوێی داعش، ئەمیر محەمەد سەعید توركمانی ناسراو بە (عەبدوڵڵا قەرداش) كە لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی سووریا خۆی حەشارداوە، لەئێستادا هەوڵی رێكخستنەوەی چەكدارانی رێكخراوەكە دەدات بۆ ئەوەی هێرش لە ناوچە كۆنترۆڵكراوەكان، دەورووبەری بەغدا، بەسرە و كەربەلا و وڵاتانی ناوچەكە ئەنجام بدەن، ئاماژە بەوەیش دەكات كە رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لەئێستادا، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی هەوڵی ئەوە دەدات چالاكی لە ئەورووپا، باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، باكووری ئەفریقا و وڵاتانی یەكێتیی سۆڤیەتیی جاران ئەنجام بدات.

 

هاوکات ئەبو عەلی بەسری ئەوەی ئاشكراكردووە “لە میانی مانگەكانی ئایار و حوەزیرانی رابردوودا، هێزەكانی ئاژانسی هەواڵگریی سەربە وەزارەتی ناوخۆ بە هەماهەنگیی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكاندا، زنجیرەیەك ئۆپەراسیۆنیان لە ناوچەكانی نەینەوا، بەسرە، بەغدا، كەركووك، سەڵاحەددین، رومادی، هەولێر و سلێمانی ئەنجامداوە كە لە میانیدا، ٤١٩ تیرۆریستی داعش و ٤٠٩ داواكراویان دەستگیركردووە، هەروەها دەستیشیان بەسەر ٦١ بۆمب و ١٤٤ مووشەكدا گرتووە”.

ئەو بەرپرسە هەواڵگرییە وتیشی، “رێكخراوی تیرۆریستیی داعش كە پلانی دانابوو ئەو چەك و تەقەمەنییانەی لە حەشارگەكانی دوور لە ئۆپەراسیۆنەكانی چاودێری و بەدواداچوونی هەواڵگریی بشارێتەوە، بەڵام دەستیان بەسەردا گیراوە و بەهۆیەوە توانای ئامادەكردنی بۆمبی چێنراو بۆ ئەنجامدانی كردەی تیرۆریستی لاواز بوو، هەروەها هێزەكانی سەربە وەزارەتی ناوخۆ لە راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش بەردەوام دەبن تا ئەو كاتەی بە یەكجاری ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە لە عێراقدا بوونی نامێنێت”.

بەڕێوەبەری گشتیی هەواڵگری و بەرنگاربوونەوەی تیرۆر لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق جەختیی لەسەر ئەوە كردووە كە وەزیری ناوخۆ، فەریق عوسمان غانمی گرنگی تایبەت بە كاری هەواڵگریی دەدات بۆ لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش و هەڵوەشاندنەوەی شانە نووستووەكانی، هەروەها راوەدوونانی مافیا و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەكان بۆ ئەوەی ئاسایش و ئاشتیی لە عێراقدا بەتەواوی بەرقەرار بێت.

 

خەلیفەی نوێی داعش خۆی لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی سووریا حەشارداوە
ئەبو عەلی بەسری رایگەیاند كە خەلیفەی نوێی داعش، ئەمیر محەمەد سەعید توركمانی ناسراو بە (عەبدوڵڵا قەرداش) كە لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی سووریا خۆی حەشارداوە، لەئێستادا هەوڵی رێكخستنەوەی چەكدارانی رێكخراوەكە دەدات بۆ ئەوەی هێرش لە ناوچە كۆنترۆڵكروەكان، دەورووبەری بەغدا، بەسرە و كەربەلا و وڵاتانی ناوچەكە ئەنجام بدەن و وتی، “رێكخراوی تیرۆریستی داعش لەئێستادا، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی هەوڵی ئەوە دەدات چالاكی لە ئەورووپا، باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، باكووری ئەفریقا و وڵاتانی یەكێتیی سۆڤیەتیی جاران ئەنجام بدات”.

ناكۆكییەكانی نێو داعش
بەسری ئاشكرای كردوە كە لەئێستادا خەلیفەی نوێی داعش ئەمیر محەمەد سەعید توركمانی ناسراو بە (عەبدوڵڵا قەرداش) بەتوندی رووبەڕووی بەرهەڵستی بووەتەوە لەلایەن ئەندامانی لە بەناو لیژنەی كۆمیسیۆن و سەركردایەتی ریزی یەكەمی سەركردایەتی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، ئەوەیش بەهۆی دەست نیشان كردنی بەناو خەلیفەی داعش كە ئەوەیش هەڕەشەی بۆسەر ژیانی دروست كردووە و تەنانەت خەریكە دووبەرەكی لەنێو چەكدارەكانی دەورووبەری دروست دەبێت.

ئەبو عەلی بەسری وتیشی، “ئەو ناكۆكییەی نێوان سەركردەكانی داعش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەمیر محەمەد سەعید توركمانی ناسراو بە (عەبدوڵڵا قەرداش) رەچەڵەكی ناگەڕێتەوە بۆ هۆزی قورەیشی عەرەبی وەك ئەندامانی بەناو لیژنەی كۆمیسیۆن و سەركردایەتی ریزی یەكەمی سەركردایەتی رێكخراوەكە دەیانەوێت، چونكە ئەمیر محەمەد سەعید توركمانی پێشتر لەلایەن سەردەستەی كوژراوی رێكخراوەكە، ئەبو بەكر بەغدادی وەك خەلیفەی نوێی رێكخراوەكە دەست نیشان كراوە”.

 

پلانە تیرۆریستییەكانی داعش
بەڕێوەبەری گشتیی هەواڵگری و بەرنگاربوونەوەی تیرۆر لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق هۆشداری ئەوەی دا كە داعش بەو پێیەی پلانەی دایناوە، هەوڵی دووبارە رێكخستنەوەی ریزەكانی لە عێراق، ناوچەكە و وڵاتانی دیكەی جیهان دەدات بۆ ئەوەی كردەی تیرۆریستی ئەنجام بدات و وتی، “تاوانبار خەلیفەی نوێی داعش، ئەمیر محەمەد سەعید توركمانی ناسراو بە (عەبدوڵڵا قەرداش) پلانی داناوە سوود لە سەرقاڵبوونی هێزە ئەمنییەكانی وڵاتان لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ وەربگرێت بە تایبەتیش كە لەئێستادا، زۆربەی سەركردەكانی داعش وا بیر دەكەنەوە كە ئەو ڤایرۆسە وەك هیوایەك وایەبۆ یارمەتیدانیان لە شەڕەكانیان”.

ئەبو عەلی بەسری لە كۆتاییدا رایگەیاندووە “هەروەها داعش هەوڵدەدات یاری لەسەر ململانێیەكانی وڵاتانی سووریا، لیبیا و باكووری ئەفریقا بكات و بە ئاراستەی ناوچەكانی كیشوەری ئەمریكا هەنگاو بنێت ئەویش لە میانی چەكداركردنی ئەندامانی کە لە ریزی ئەو میلیشیانەی كە لەو ناوچانە شەڕ دەكەن”.
 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×