'سەردانەکەی کازمی بۆ مەبەستی نێوەندگیری لە نێوان ئێران و سعوودیە نەبوو''
  2020-07-22       380       

بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆک كۆماری ئێران رایگەیاند كە سەرۆك وەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی بە ئامانجی نێوەندگیری نێوان ئێران و سعوودیە، سەردانەكەی بۆ تاران ئەنجام نەداوە.

ئاوێنه‌: لەمیانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا مەحمود واعزی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران باسی لەوە كرد كە لە كۆبوونەوە و دانوستانەكانی نێوان سەركۆماری ئێران، حەسەن روحانی و سەرۆك وەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی جەخت لەسەر پتەوتركردنی پەیوەندییە باشەكانی نێوان هەردوو وڵات كراوەتەوە و وتی، “دوای سەردانەكەی مستەفا كازمی بۆ تاران، پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و عێراق لە بوارەكانی سیاسیی و ئەمنیی پتەوتر دەكرێن”.

هاوکات واعزی سەبارەت بە نێوەندگیری عێراق لەنێوان ئێران و سعوودیە یان ئێران و ئەمریكا وتی، “مستەفا كازمی هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونی گرنگی بە پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ داوە، هەروەك چۆن سەردانی ئێرانی كرد، بەهەمان شێوە سەردانی وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دیكەیش دەكات، بەڵام نەك وەك نێوەندگیر”.

شایەنی باسە واعزی وتیشی، “دەمانەوێت پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ هەموواندا هەبێت لەنێویاندا سعوودیە” و دوێنێ‌ سێشەممە سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی بەسەرۆكایەتی شاندێكی باڵا گەیشتە تاران پایتەختی ئێران.

ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی و شاندی یاوەری دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئێران، كۆتاییان بەسەردانەكەیان بۆ ئەو وڵاتە هێنا.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×