رۆژانی جەژنی قوربان هاتوچۆ لە تەواوی پاریزگاکانی عیراق قەدەغه دەکرێت
  2020-07-22       443       

لیژنەی باڵای قەیرانەکانی عیراق بڕیاری دا، رۆژانی جەژنی قوربان هاتوچۆ لە تەواوی پاریزگاکانی عیراق قەدەغه‌بکرێت.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ چوارشەممە، لەسەر داوای وەزیری تەندروستیی، لیژنەی باڵای قەیرانەکانی عیراق بڕیاری دا، رۆژانی جەژنی قوربان بەمەبەستی رێگریکردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هاتوچۆ لە تەواوی پاریزگاکانی عیراق قەدەغەبکرێت.

لەمبارەیەشەوە، ریاز عەبدول ئەمیر بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی بۆ میدیاکانی عیراق روونیکردەوە، “وەزارەتی تەندروستیی عیراق داوایکرد قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی بەدرێژایی رۆژانی جەژنی قوربان لە سەرجەم پارێزگاکانی عیراق پەیڕەوبکرێت، ئەم بڕیارەش لەلایەن لیژنەی تەندروستیی و سەلامەتی نیشتیمانی جێبەجێکرا، بە ئامانجی رێگریکردن لەو کارەساتەی کە لە جەژنی رەمەزانی پێشوودا روویدا و دوای هەفتەیەک رێژەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا زیادیکرد”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “پێویستە هاوڵاتیان خۆیان و خێزانەکانیان بپارێزن و رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێبکەن”.

لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەندرا، دواتر قۆناغ بە قۆناغ ژیان ئاسایی کرایەوە، بەڵام لە ئێستادا دووبارە بڕیاردراوە لەماوەی رۆژانی جەژندا هاتوچۆ لە پارێزگاکانی عیراق قەدەغەبکرێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×