وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی ئاگرکەوتنەوەکان روونکردنەوە دەدات
  2020-07-23       289       
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران دەربارەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە رایگەیاند، “ئاگركه‌وتنه‌وه‌كانی ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی دوایی په‌یوه‌ندییان به‌ هێرشی سایبه‌ره‌وه‌ نییه‌”

ئاوێنە: ماڵپه‌ڕی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، عه‌باس موسه‌وی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌باره‌ی ته‌قینه‌وه‌ و ئاگركه‌وتنه‌وه‌كانی ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی دوایی وه‌ڵامی پرسیاری رۆژنامه‌وانانی داوه‌ته‌وه‌ و به‌ تیشك خستنه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ته‌نها ئه‌مساڵ نه‌بووه‌ كه‌ له‌ هاویندا ئاگر له‌ دارستان، پاڵاوگه‌ و كارگه‌كاندا بكه‌وێته‌وه‌ و ئه‌مه‌ شتێكی ئاساییه‌ و وتوویه‌تی، “ئاگركه‌وتنه‌وه‌كان، په‌یوه‌ندییان به‌ هێرشی سایبه‌ره‌وه‌ نییه‌. له‌ دوای رێنمایییه‌كانی سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ-ه‌وه‌ تا سه‌لماندنی هێرشی سایبه‌ری پێچه‌وانه‌، ئیداره‌ی ئه‌مریكا به‌رپرسیار ده‌بێت. مافی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌مان بۆ كاتێكی گونجاو به‌ نهێنی ده‌هێڵینه‌وه‌”.

موسه‌وی به‌ تیشك خستنه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ رۆژانه‌ هه‌زاران هێرشی سایبه‌ر ده‌كرێته‌ سه‌ر ژێرخانی ئێران و ئه‌مه‌یش كارێكی تازه‌ نییه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ كه‌ ئه‌و هێرشانه‌ له‌لایه‌ن سیسته‌می به‌رگریی و پسپۆڕانی كۆمپیوته‌ر تێك ده‌شكێندرێن.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران به‌ سه‌رنج خستنه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ له‌م چه‌ند مانگه‌ی دواییدا هێرشه‌كانی سایبه‌ر زیادیان كردووه‌ كه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند ده‌وڵه‌تێكه‌وه‌ پشتیوانی ده‌كرێن، وتی، “ئه‌نجامده‌رانی هێرشه‌كان به‌ ئامانجی سه‌ره‌كییان نه‌گه‌یشتوون. زۆربه‌ی ئه‌و هێرشانه‌ كه‌ -دژبە په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه- له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ ئه‌نجام ده‌درێن. ئه‌مه‌ش بۆ سه‌رتاسه‌ری جیهان مایه‌ی نیگه‌رانییه‌ و ده‌بێت كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیی وه‌ڵامێكی گونجاوی ئه‌مه‌ بداته‌وه‌”.
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×