سوپای ئەمریكا رونكردنەوە دەربارەی روداوی فڕۆكە مەدەنییە ئێرانییەكە لە ئاسمانی سوریا دەدات
  2020-07-24       488       

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا رایگەیاند: فڕۆكەیەكی ئەمریكی لە جۆری ئێف 15 لە فڕۆكەیەكی مەدەنی كۆمپانیای ماهانی ئێرانی لە ئاسمانی سوریا نزیك بۆتەوە ئەوەش بۆ دڵنیابون لە پارێزراوی سەربازانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بنكەی سەربازی تەنەف.

ئاوێنە: فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: لە دوری 1000 مەترەوە لە فڕۆكەیەكی ئێرانی بە ئەركێكی ئاسمانی ئاسایی هەڵساین، ئەو ئەركەش كاتێك بوە كە فڕۆكە ئێرانییەكە بە ئاسمانی بنكەی سەربازی تەنەف-دا فڕیوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو: ئەو ئەركەیان بۆ دڵنیابون بوە لە پارێزراوی سەربازانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەو بنكە سەربازییەو ئەركەكەش رۆتینی بوەو لە دورییەكی پارێزراوەوە بوە بەگوێرەی بنەما نێودەوڵەتییەكان.

بێڵ ئۆربان، وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا رایگەیاند: وردبینییەك بە چاو بۆ دڵنیابون لە پارێزراوی سەربازانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بنكەی سەربازی تەنەف بەڕێوەچوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو: هەركە فڕۆكە ئێف 15كە دڵنیابوە كە ئەوە فڕۆكەیەكی مەدەنی سەربە كۆمپانیای ماهانە، بەدورییەكی پارێزراو لێی دوركەوتۆتەوە بەپێی بنەما نێودەوڵەتییەكان.

لای خۆیشیەوە عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: لەسەر روداوەكە دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردوەو وڵاتەكەی رێكاری یاسایی و سیاسی پێویست لەوبارەیەوە دەگرێتەبەر.

ئەوەش لەكاتێكدایە دوێنێ ئاژانسی سەداو سیمای ئێران رایگەیاندبو كە ئەو فڕۆكە جەنگییە لە فڕۆكە ئێرانییەكە نزیك بۆتەوە، فڕۆكەیەكی ئیسرائیلی بوەو لەترسی بەریەكنەكەوتن فڕۆكە ئێرانییەكە بە خێراییەكی زۆر نزمبۆتەوەو بەوهۆیەشەوە چەند سەرنشینێك بریندار بون.

 

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×