وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: پێمان سەیرنییە سەرکردەکانی ئێران هەڕەشە لەئەمریکا بکەن
  2020-07-24       599       
عەلی خامنەیی
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وه‌ڵامی‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران ده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێت، "پێمان سەیرنییە سەرکردەکانی ئێران هەڕەشە لەئەمریکا بکەن"

ئاوێنه‌: رۆژی سێشەممەی رابردو، له‌میانه‌ی‌ كۆبونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق عەلی خامنەیی هەڕەشەی تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی له‌ئه‌مریكا كردبو.

له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌مڕۆ مۆرگان ئۆرتاگۆس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، خامنەی بەوجۆرە هەڕەشانە دەیەوێت سەرنجی هاوڵاتیانی وڵاتەکەی لەسەر قەیرانی دارایی وڵاتەکەی لاببات‌و کێشە ناوخۆییەکانیان لەبیربچێتەوە.

وتیشی‌، "خامنەیی دەیەوێت پێشێلکارییە مرۆییەکان بشارێتەوە کە لەتەواوی ناوچەکەدا دەیکەن، وەک چۆن لەپێشتردا، بەدەستی میلیشیاکانیان چەندین کەسی مەدەنی و چالاکوان کوژران."

مۆرگان ئۆرتاگۆس راشیگه‌یاند، "هەر بۆیە دەبێت خامنەیی تەواوی رۆژەکانی لەتویتی درۆو توڕەبووندا بەرێتەسەر، لەدژی ئەو هاوپەیمانییەی کە ئەمریکا بۆ ئارامی عێراق پێشڕەوی دەکات."

باسی لەوەشکرد، "هیچ پێمان سەیرنییە سەرکردەکانی ئێران بەوجۆرە هەڕەشە لەئەمریکا بکەن‌و ئەوەش یەکەمجاریان نییە بەوجۆرە هەڕەشە لەئەمریکا بکەن."

به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی‌  3-1-2020، له‌ئه‌نجامی بۆردومانێكی فڕۆكه‌ی بێفرۆكه‌وانی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا، قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی پێشوی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران‌و ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی‌و نۆ کەسی دیکە كوژران.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×