هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌ڵه‌تی بنکەیەكیان رادەستی هێزەکانی عێراق کرد
  2020-07-25       463       

هێزه‌كانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌ڵه‌تیی دژبه‌ داعش شوێنی جێگیربونی خۆیان له‌ بنكه‌ی سه‌ربازیی به‌سمایه‌ له‌ باشوری به‌غدا راده‌ستی هێزه‌كانی عیراق كرده‌وه‌، ئه‌مه‌ش هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی شه‌وی رابردوو چوار مووشه‌ك ئاراسته‌ی بنكه‌كه‌ كرا.

ئاوێنه‌: جیراڵد ستریكلاند، جێگری فه‌رمانده‌ی ئه‌ركه‌ هاوبه‌شه‌كان له‌ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژبه‌ داعش رایگه‌یاند كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ٢٥ی ته‌مموز، هێزه‌كانیان شوێنی مانه‌وه‌ و جێگیربونی خۆیان له‌ ناو بنكه‌ی سه‌ربازیی به‌سمایه‌، راده‌ستی هێزه‌كانی عیراق كردوه‌ته‌وه‌.

وتیشی، ماوه‌یه‌كی زۆره‌ كه‌ هاوپه‌یمانی پلانی بۆ دووباره‌ بڵاوه‌پێكردنی هێزه‌كانی خۆی له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عیراق داناوه‌، ئه‌و كاره‌ش به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراقدا ده‌كات.

ئه‌مه‌ حه‌وته‌م بنكه‌ی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژبه‌ داعشه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌مساڵدا راده‌ستی هێزه‌كانی عیراق ده‌كرێته‌وه‌ و پێشتریش ئه‌و هێزانه‌ چه‌ند بنكه‌یه‌كی سه‌ربازیی گه‌وره‌ و بچوكی عیراقیان راده‌ستكرده‌وه‌ و له‌ شوێنی دیكه‌ هێزه‌كانیان بڵاوه‌پێكرد.

راده‌ستكردنه‌وه‌ی ئه‌و بنكه‌یه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی شه‌وی رابردوو شانەی‌ راگەیاندنی‌ ئەمنی‌ سەر بە وەزارەتی‌ بەرگری‌ عیراق رایگەیاند، چوار موشەکی‌ کاتیۆشا لەناو سەربازگەی‌ بەسمایە کەوتوونەتە خوارەوە، بەڵام زیانی‌ گیانی‌ لێنەکەوتووە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×