عێراق… کێشەی کەمی کارەبا چارەسەر دەکرێت
  2020-07-26       334       

وەزارەتی كارەبای عێراق رایگەیاند، “بەهاوكاری لەگەڵ وەزارەتی نەوت، كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانیی بە هاووڵاتییان زیاد دەكەین”.
 
ئاوێنه‌: وەزارەتی كارەبای عێراق رایگەیاند كە بەهاوكاری لەگەڵ وەزارەتی نەوت، كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانیی بە هاووڵاتییان زیاد دەكەن و ئاماژەی بەوەیش دەكات كە پێشڤەچوونی باش لە هەڵسەنگاندنەكانی هونەری و بازرگانیی بە ئامانجی گواستنەوەی وزە لە توركیا بەدی هاتووە.

لەمبارەیەوە ئەحمەد عەبادی، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا ئاشكرای كردووە كە سەرۆكوەزیران وەزارەتی نەوتی راسپاردووە بۆ ئەوەی پێدوایستییەكانی وەزارەتی كارەبا بە تایبەتیش سووتەمەنی بە ئامانجی وەگەرخستنی وێستگەكانی كارەبا دابین بكات.

وتیشی، “ئەم هاوكارییەی نێوان وەزارەتەكانی نەوت و كارەبا، دەبێتە مایەی وەگەرخستنی ژمارەیەك وێستگەی كارەبا كە رەنگدانەوەی باشی لەسەر زیادكردنی بەرهەمهێنانی كارەبا دەبێت تا كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانیی بە هاووڵاتییان زیاد بكرێت”.

ئەحمەد عەبادی، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق باسی لەوەیش كرد كە پێشڤەچوونی باش لە هەڵسەنگاندنەكانی هونەری و بازرگانیی بە ئامانجی گواستنەوەی وزە لە توركیا بەدی هاتووە، بەڵام تا ئێستا هیچ گرێبەستێك لەوبارەوە واژوو نەكراوە.

ئەمەیش لە كاتێكدایە پێشتر وەزارەتی كارەبای عێراق راگەیاندبوو كە بەڕێژەی لەسەدا 80ی كارەكانی پڕۆژەی بەستنەوەی هێڵی گواستنەوەی كارەبا لە كەنداو بۆ عێراق تەواوبووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×