وەزارەتی ناوخۆی عێراق: ژمارەیەك گروپی تاوانکار لە گۆڕەپانی تەحریر گرژیی دروست دەكەن
  2020-07-28       340       
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، “چاودێری ژمارەیەك گرووپی تاوانکارمان كردووە كە لە گۆڕەپانی تەحریر ناوەڕاستی بەغدا، گرژیی دروست دەكەن”.

ئاوێنه‌:  وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند کە چاودێری ژمارەیەك گرووپی تاوانکاریان كردووە كە لە گۆڕەپانی تەحریر ناوەڕاستی بەغدا، گرژیی دروست دەكەن.

لەمبارەیەوە وەزارەتی ناوخۆی عێراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردووەتەوە کە تیایدا هاتووە “لەژێر رۆشنایی لێكۆڵینەوە بەراییەكاندا لە رووداوەكەی شەوی یەكشەممە لەسەر دووشەممە، هێزە ئەمنییەكان چاودێری ژمارەیەك گرووپی تاوانکاریان كردووە كە لەناو خۆپیشاندانەكانەوە و لەڕێگەی هێرشكردنە سەر خۆپیشاندەران و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەكاندا لە گۆڕەپانی تەحریر ناوەڕاستی بەغدا گرژیی دروست دەكەن”.

وەزارەتی ناوخۆ جەختی كردووەتەوە لەسەر راسپاردەكانی سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان لەوەی لەبەر هەر هۆكارێك بێت، نابێت تەقە لە خۆپیشاندەران بكرێن و راسپاردەی توندیش لەوبارەوە بە هێزە ئەمنییەكان دراوە.

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا داوا لە خۆپیشاندەران كراوە هاوكاری هێزە ئەمنییەكان بكەن بە ئامانجی پاراستنی گۆڕەپانی تەحریر و دەستگیركردنی ئەو كەسانەی كە هەوڵی ئەنجامدانی كردەی تیرۆركردن دەدەن و دەیخەنە ئەستۆی هێزە ئەمنییەكانەوە.

شەوی یەكشەممە لەسەر دووشەممە لە میانی خۆپیشاندانی ژمارەیەك لە هاووڵاتییانی شاری بەغدا پایتەختی عێراق كە دژبە خراپی رەوشی كارەبا و خزمەتگوزارییەكانی دیكە لە ناوەڕاستی شارەكە بەڕێوەچوو، رووبەڕووبوونەوە لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا رووی دا كە بەهۆیەوە دوو خۆپیشاندەر كوژراون و ژمارەیەكی دیكەیش برینداربوون.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×